ناس کورد-
لەدوای دەستپێکردنی یەکەم بارانی بەخوڕ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم، بەگوێرەی سەرچاوە کەشناسییەکان، سبەینێ یەکشەممەش لە بەشێک لە ناوچەکان بارانبارین و هەورەبروسکە بەردەوام دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی (شەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "سبەی یەکشەمە لە ئەنجامی بەردەوامی و درێژبوونەوەی کاریگەرییەکانی نزمەپاڵەپەستۆ و شێی دەریای (ناوەراست + سوور) لەسەر ناوچەکانمان ئاسمانی ھەرێم بەزۆری نیمچە ھەوراوی دەبێت و لەھەندێک کاتدا دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەروەها ئەگەری چالاکبوونەوەی بارستە ھەوری باراناوی بەخوڕ و تەرزە و روودانی ھەورە بروسکە دەبێتەوە لە ھەندێ کات و ناوچەدا بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی و نادیار دەبێت لە ڕووی رێژەی دابارین و کاتی چربوونەوەی ھەورەکان لەناوچەکاندا لەھەموو ناوچەیەکیشدا باران نابارێت."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " پلەکانی گەرما بەجێگیری دەمێنێتەوە و خێرایی با چالاکی مامناوەند دەبێت بەخێرای 15 تا 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەی با ناجێگیر و گۆڕاو دەبێت."
باسی لەوەشکردووە، "لەناوچەکانی گەرمیان و باشوری پارێزگای کەرکوک کاتەکانی پێش نیوەرۆ بۆ دوای نیوەرۆ خێرایی با لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاواوە بۆ ماوەیەک بەرادەیەکی بەرچاو چالاک دەبێت بەخێرایی 30 تا 40 کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکدا و دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و ناڕوونبوونی ئاسمانی ناوچەکە بەتایبەت کاریگەری تۆز و خۆڵەکە لە ناوچەکانی ئەوپەری باشوری گەرمیانەوە بەھۆی بەھێزی باکەوە دەگاتە سنورەکە."