ناس کورد-
توێژینەوەیەکی نوێ هەڵسوکەوتێکی سەیری هەنگەکان ئاشکرا دەکات کاتێک شانەکەیان توشی نەخۆشی و مشەخۆرەکان دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
توێژینەوەکە کە توێژەرەوانی زانکۆی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بەشدارییان تێدا کردووە و "ناس کورد" بینیویەتی دەڵێت، هەنگەکان ڕێنمایی دورەپەرێزی کۆمەڵایەتی پەیڕەو دەکەن کاتێک توشی مشەخۆرەکانی وەک گەنە (Mite) دەبن، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەی توشبوون.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری Science Advances بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوەدەکات، پەیوەندی و هەماهەنگی بەشی ناوەوە و بەشی دەرەوەی شانەی هەنگ لەکاتی توشبوون بە نەخۆشی و پەتا زۆر کەمتر دەبێتەوە، ئەوەش زیاتر بۆ پاراستنی شاژن و بێچووەکانە.
باسیان لەوەشکردووە کە "لەکاتی بڵاوبوونەوەى نەخۆشی و پەتا، هەنگەکان جێگۆڕکێ دەکەن، ئەوانەی تەمەنیان هەیە دەچنە چواردەورەکانەوە و شاژن و هەنگە بێچووەکانیش دەچنە ناوەڕاستی شانە."
دکتۆرە میشلینا بوسیددو، یەکێک لە نوسەرانی سەرەکی توێژینەوەکە بە ڕۆژنامەی "ئیندیپێندنتی" وتووە، "پەیڕەوکردنی دورەپەرێزی کۆمەڵایەتی لەلایەن هەنگەکانەوە لەکاتی توشبوونیان بە مشەخۆری و پەتا جێگەی سەرسوڕمانە کە چۆن هەنگەکان خۆیان لە نەخۆشییەکان دەپارێزن."
ڕوونیشیکردەوە کە "کەمکردنەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لەکاتی نەخۆشیدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەى مەترسی پەتا و نەخۆشییەکان."