گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پزیشکى گشتى

خوێندنى باڵا شێوازى چارەسەرکردنى کێشەى نمرە بەرزەکانى راگەیاند

2021.10.29 - 23:00
App store icon Play store icon Play store icon
خوێندنى باڵا شێوازى چارەسەرکردنى کێشەى نمرە بەرزەکانى راگەیاند

ناس کورد-

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند ئەو دەرچوانەى کە کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیەو لە کۆلێژى پزیشکى گشتى وەرنەگیراون، دواى زیادکردنى ژمارەیەک کورسى بەخۆڕایى لە کۆلێژەکانى پزیشکى گشتى (هەولێر، سلێمانى، کۆیە، گەرمیان) وەردەگیرێن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئەو کورسیە بەتاڵانەى لە ئەنجامى سەرخستنى ئەم دەرچوانە لە کۆلێژەکانى پزیشکى ددان و دەرمانسازى دەمێنێتەوە، ئەو خوێندکارانەى تر سەردەکەون کە لەم دو کۆلێژە داوایان کردەوەو وەرنەگیراون.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کێشەى ئەو خوێندکار و قوتابیانەى کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیە چارەسەردەکات، بۆ ئەمەش ئەو دەرچوانەى کە کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیەو لە کۆلێژى پزیشکى گشتى وەرنەگیراون، دواى زیادکردنى ژمارەیەک کورسى بەخۆڕایى لە کۆلێژەکانى پزیشکى گشتى (هەولێر، سلێمانى، کۆیە، گەرمیان) وەردەگیرێن.

 

ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى ڕێکەوتى (2021/10/29) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى کوردستان، کۆبونەوەی نائاسایى ئەنجومەنى وەزارەت بەشێوەى ئۆنلاین بۆ چارەسەرکردنى پرسى ئەو دەرچوانەى کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیە بەڕێوەچو.

 

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئامانج لەم کۆبونەوەیە چارەسەرکردن و دانانى میکانیزمێکە لە چوارچێوەى پلانى وەرگرتن بۆ زیادکردنى کورسى بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەى دەرچوانى کۆنمرە بەرزەکان، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سودى دەرچوان و پێداویستیەکانى بازاڕى کار، بۆ ئەمەش دوپاتیکردەوە: وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کارى کردوە بۆ وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەو پەڕى دادپەوەرى و یەکسانیەوە، وتیشى هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتى کەسوکارو نەوەکانى داهاتومان بوینە بۆ ئەوەى لە زانکۆ حکومییەکانى کوردستان و لە پلانى خوێندنى بەخۆڕایى جێگەیان بۆ بکەینەوە بۆ ئەوەى ڕوو لە دەرەوەى وڵات نەکەن لەناوخۆى کوردستان هەلى خوێندنیان بۆ فەراهەم بکەین.

 

هەر لە کۆبونەوەکەدا دواى گفتوگۆى ئەندامانى ئەنجومەن، بڕیاردرا ئەو دەرچوانەى کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیەو لە کۆلێژى پزیشکى گشتى وەرنەگیراون، دواى زیادکردنى ژمارەیەک کورسى بەخۆڕایى لە کۆلێژەکانى پزیشکى گشتى (هەولێر، سلێمانى، کۆیە، گەرمیان) وەردەگیرێن، بۆ ئەمەش ئەو کورسیە بەتاڵانەى لە ئەنجامى سەرخستنى ئەم دەرچوانە لە کۆلێژەکانى پزیشکى ددان و دەرمانسازى دەمێنێتەوە، ئەو خوێندکارانەى تر سەردەکەون کە لەم دو کۆلێژە داوایان کردەوەو وەرنەگیراون، ئەویش بەپێى کۆنمرەو ڕیزبەندى داواکارییەکانیان، چارەسەرکردنى کێشەى ئەم دەرچوانە لە چوارچێوەى پرۆسەیەکى ورد و دادپەروەر و یەکسان لە نێوان خوێندکاران و قوتابیان بەپێى ڕیزبەندى نمرەکان لەلایەن ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەت جێبەجێ دەکرێت و دواى تەواوبونى پرۆسەکەش ئەنجامەکەى بۆ خوێندکاران و قوتابیان بڵاودەکرێتەوە.