گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق هۆشدارى دەداتە پێنج حزبى کوردى.. کۆنگرە نەکەن بەشدارى هەڵبژاردنەکان ناکەن

2019.07.04 - 21:12
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق هۆشدارى دەداتە پێنج حزبى کوردى.. کۆنگرە نەکەن بەشدارى هەڵبژاردنەکان ناکەن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەبدوڵا   بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری حزب و ڕێکخراوەکانی سەر بە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاگاداری ئەو حزبانە دەکاتەوە کە بەستنی کۆنگرەیان دواکەوتووە و هۆشداری داوە، کە ئەگەر بەر لەوادەى هەڵبژاردنەکان کۆنگرە ئەنجام نەدەن، ڕێگەیان پێنادرێت بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن. . بڕیارەکە پێنج حزبی کوردستانی دەگرێتەوە، لەناویاندا پارتی و یەکێتی و ئاگادار کراونەتەوە کە پێویستە لە دوای 90 ڕۆژ لە دەرچوونی بڕیارەکە کۆنگرە ببەستن، بەپێچەوانەوە ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن. . ڕزگار حاجی، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند"بڕیارەکە زیاتر لە 20 حزب و ڕێکخراوی سیاسی دەگرێتەوە لە ناویاندا هەریەک لە پارتی، یەکێتی، کۆمەڵ، یەکگرتوو، شیوعی". . حاجى ئاماژەى بەوە کرد، ئەو حزبانە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان پێشێل کردووە و خۆیان دیارییان کردووە کە کەی کۆنگرە ببەستن، بەڵام لەو وادەیەدا کۆنگرەیان نەبەستووە و یاسایان پێشێل کردووە و بۆیە ئاگادار کراونەتەوە. . پارتی دیموکراتی کوردستان چی دەڵێت؟ . كۆتایی ساڵی 2010 پارتی دیموكراتی كوردستان سیانزەیەمین كۆنگرەی خۆی لە هەولێر بەست، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە كە لە دوایین كۆنگرە دەنگی لەسەر دراوە، دەبێ هەر چوار ساڵ جارێك، پارتی كۆنگرە ببەستێ‌. بەو پێیەش دەبووایە لە كۆتایی ساڵی 2014دا چواردەهەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێ‌، بەڵام زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و پارتی کۆنگرەی نەبەستووە. . عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ناس کوردی وت، هەرچەندە تائێستا هەنگاوی کردارییان بۆ بەستنی کۆنگرە نەناوە، بەڵام لەم ساڵدا کۆنگرە دەبەستن و کۆنگرەی چواردەهەمیان چیتر لەوە زیاتر دواناکەوێت. . وتیشی، ئەوان لەبەر ئەو بڕیارە نییە کە لەمساڵدا کۆنگرە دەبەستن، بەڵکو پێشتر بڕیاریانداوە کە لە ئەمساڵدا کۆنگرە ببەستن و بەهۆی ئەو کێشانەی ڕوبەڕووی هەرێم ببوونەوە کۆنگرەیان نەبەستووە، ئەگەرنا هیچ کێشەیەکیان لەبارەی بەستنی کۆنگرەوە نییە. .   یەکێتی: هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەبەستنی کۆنگرە . یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە 1ی حوزەیرانی 2010 کۆتا کۆنگرەی خۆی بەست، کە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حزبە بوو، لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا مانگی 10ی 2013 کۆنگرەی چوارەم ببەستن، بەڵام یەکێتی نەیتوانی لەو وادەیەدا کۆنگرە ببەستێت و دواتر بە پلنیۆمێک وادەی کۆنگرەی بۆ شەش مانگ دواخست، بەڵام پاش ئەو شەش مانگە و هەتا ئێستا نەتوانراوە کۆنگرە، ئەنجام بدات. . زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بۆ ناس کوردی روونکردەوە، بڕیارەکە جێبەجێکردنی یاسایە هەموو حزبێک دەگرێتەوە کە کۆنگرەی دواکەوتووە، وەک یەکێتیش لە ڕابردوودا زۆر کێشە هەبوون کە رێگربوون لە بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی. . جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی وتیشی، لە ئێستادا هیچ ڕێگرییەک و هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەبەستنی کۆنگرە و هەموو زەمینەیەک لەبارە بۆ ئەو پرسە و کارەکانیان بۆ ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە دەستپێکردووە و کارەکانیشیان چڕتر دەکەنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆنگرە ببەستن. . کۆمەڵ: خۆمان بۆ ئەنجامدانى کۆنگرە ئامادە کردووە . دوا کۆنگرەی کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان لە 30ی ئایاری 2015دا بوو کە کۆنگرەی سێهەمی ئەو حزبە بوو، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە چوار ساڵ جارێک پێویستە کۆنگرە ببەستن، بەوپێیەش دەبوو لە کۆتایی مانگی پینجی ئەمساڵ کۆمەڵ کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت. . فاروق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، کۆنگرەی کۆمەڵ وەک هەندێک حزب نزیکەی 10 ساڵ دوانەکەوتووە، بەڵکو تەنها چەند مانگێکە، کە دەتوانین بڵێین هەر دوانەکەوتووە و لە ئێستاشەوە لیژنەی ئامادەکردن و نوسینەوەی پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی چوارەمیان ئامادەکردووە. . ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە هیچ کێشەیەک بۆ ئەوان دروست ناکات و ئەگەر ئەو بڕیارەش نەبوایە، ئەوان لە ئەمساڵدا کۆنگرەی خۆیان هەر دەبەست.   بڕیارەکە لە چوارچێوەی یاسای حزبەکاندایە و لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە. . هاوکات، کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژى (16ی تشرینی دووەمی 2019)ى دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق. .