گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

تەندروستیی عێراق: شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا بەڕێوەیە

2021.10.26 - 09:57
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستیی عێراق: شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا بەڕێوەیە

ناس کورد- 

وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری لە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا دەدات و دەڵێت، شەپۆلی سێیەم کۆتایی هاتووە و چوونە ناو شەپۆلی چوارەم مەترسیی گەورە دروست دەکات، هاوکات داوای کەمکردنەوەی جوڵەی پارێزگاکانی عێراق بۆ هەرێم دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەیسەم عوبێدی، بەڕێوەبەری پەرەپێدان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق (سێشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "عێراق لە شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا دەرچووە و توانا و پێداویستییەکی زۆری تەندروستی بۆ خزمەتی هاوولاتیان بەکارهێنراوە، هەربۆیە چوونە ناو شەپۆلی چوارەم بارگرانییەکی زۆر لە سیستمی تەندروستیی وڵات دروست دەکات." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی توشبوون و مردن بە کۆرۆنا هەیە، هەربۆیە پێویستە ڕێوشوێنی توند بگیرێتەبەر، وەک کەمکردنەوەی جوڵەی هاووڵاتیان بۆ هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی تێکەڵاوی." 

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ڕوونیشیکردووەتەوە، "ڤایرۆسەکە بەردەوام لە خۆگۆڕیندایە و ئەگەری دووبارە توشبوونەوە هەیە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن بەتایبەت کردنی ماسک و دوورکەوتنەوە لەیەکتر. 

 

بەوتەی عوبێدی، ژمارەی ئەو کەسانەشی کە ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە کەمن و تائێستا گەیشتووەتە پێنج ملیۆن کەس، هەروەها ملیۆنێک و 500 هەزار کەس هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە، بەڵام ئەو ژمارانە کەمترن لەوەی ئەوان پێشبینییان کردووە کە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە 20 ملیۆن کەس، بۆیە داواش دەکات هاووڵاتیان پەلە بکەن لە وەرگرتنی ڤاکسین.