کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ زۆربوونی ڕووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە و نەبوونی ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ کوژاندنەوەیان، مەترسی لەسەر تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە دروستبووە. . عەقید هێمن كەمەرخان، بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ ڕوداوەکانی ئاگر کەوتنەوە زیادیان کردووە، جگە لە زیانی مادیش، بە دەیان ئاژەڵ و باڵندەی کێوییش لەناوچوون". . هێمن کەمەرخان ئاشکراشیکرد، لەماوەی مانگی ڕابردوودا تا ئێستا زیاتر لە 32 ڕوداوى ئاگرکەوتنەوەیان تۆمار کردووە، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 13 هەزار و767 دۆنم پوش و پاوان و 478 دۆنم ڕەز و باخی هاولاتییان و داری سروشتی سوتاون. . وتیشی، تیمەکانیان بەبێ بوونی هیچ کەرەستەو پێداویستی و جلوبەرگێکی دژە ئاگرو هەبوونی مەترسی تەقینەوەی مین، ئاگرەکان دەکوژێننەوە، بەوهۆیەشەوە ئەفسەرو پۆلیسەکانیان ژەهیراوی بوون و زیان بە جەستەو تەندروستییان گەیشتووە. . بە پێویستیشیزانی، حکومەتی هەرێم ئاوڕێکی جدی لەو بارودۆخە بداتەوە و ئامێرو کەرەستەی پێویست و تایبەت بە بواری ئاگر کوژاندنەوە، بۆ تیمەکانیان دابین بکات. . لەگەڵ هاتنى وەرزى هاوین و بەرز بوونەوەى پلەى گەرما، ڕۆژانە ڕوداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێم تۆمار دەکرێن، لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکانیشدا، گوندنشینان خۆبەخشانە پشتیوانی پۆلیسی دارستان دەکەن لە کوژاندنەوەی ئاگر و پاراستنی سروشت و ژینگەی ناوچەکانیان. . https://www.facebook.com/Forest.police.sulaymaniyah/videos/356725545003074/?t=3