گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەش كورسییان مسۆگەركردووە

هۆكاری پاشەكشەی كورسییەكانی حەكیم و عەبادی دەخرێتەڕوو 

2021.10.24 - 20:01
App store icon Play store icon Play store icon
هۆكاری پاشەكشەی كورسییەكانی حەكیم و عەبادی دەخرێتەڕوو 

ناس كورد_

شیكارێكی ژمارەیی ئەوە دەخاتەڕوو پاشەكشەكردنی كورسییەكانی هەردوو سەركردەی شیعە عەممار حەكیم و حەیدەر عەبادی بۆ خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ یاسای نوێی هەڵبژاردن و سیستمی فرەبازنەیی و ناڕوونی گوتار دەگەڕێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی شیكارەكە كە ئەلنەهاری عەرەبی (لوبنان) بڵاوی كردووەتەوە و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە (24ی تشرینی یەكەمی 2021)، عەممار حەكیم و حەیدەر عەبادی خۆیان بەنوێنەری "میانڕەوی شیعی" لەقەڵەم دەدەن و لە پێگەیەكدا خۆیان وێنا كردووە كە نەیارن بە پاشكۆیەتی ئێران و خۆشیان بەدوورگرتووە لە سەركۆنەكردنی خۆپیشاندەرانی تشرین، هەروەها خۆیان بەدۆستی خەڵكی ناڕازی لەقەڵەم داوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوەختە تەنها شەش كورسییان مسۆگەر كردووە لە كاتێكدا پێشتر دەوروبەری 40 كورسییان هەبووە لە كۆتا خول (چوارەم)ی پەرلەمان. 

 

ئەلنەهار باس لەوەش دەكات گوتاری هاوپەیمانییەكەی حەكیم و عەبادی "قوی الدولة" بەرامبەر چەكدارەكان ڕوون نەبووە، هەروەها گرەوی لەسەر جەماوەری گریمانكراوی حەیدەر عەبادی بووە كە باسی لە نرخی نەوت و نرخی دۆلار كردووە، بەڵام لەدابەشكردنی كاندیدەكان و بازنەكان ژمارەیەكی زۆر كاندیدی نەناسراویان پێشكەش كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەنگەكانیان بەفیڕۆ بڕوات.

 

لە شیكارەكە ئەوەش ئاماژەی پێكراوە لە كۆی 50 بازنەی شیعەنشین كە 180 كورسی پەرلەمانی تێدایە، هێزەكانی هاوپەیمانێتی عەبادی و حەكیم 44 كاندیدیان پێشكەش كردووە بەبێ ئەوەی لە ئاستی جەماوەری بوونیان بكۆڵنەوە و هەندێكیان 90 و 140 و 250 دەنگیان هێناوە.

 

بەگوێرەی ئەو بنكۆڵكارییانەشی كە كراون زیانی حەكیم و عەبادی لە مامەڵەی خراپ لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن و فرە بازنەیی بەفیرۆچوونی 312 هەزار دەنگ بووە بەجۆرێك ئەم دوو قوتبە شیعییە بە 360 هەزار دەنگ شەش كورسییان بەدەستهێناوە كەچی سەدرییەكان بە 885 هەزار دەنگ بوونەتە خاوەنی 73 كورسی.