ناس کورد-
جەمال کۆچەر، کاندیدی براوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دوو هۆکار بۆ هێنانى زۆرترین دەنگ دیاریدەکات و دەڵێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازبووە لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، نەتوانراوە ئیرادەی خەڵک تەزویر بکرێت
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەمال کۆچەر کە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا بە بەدەستهێنانی ( 56702) دەنگ، زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ VOA وتى "بۆیە ئەو دەنگە زۆرەم لە بادینان هێنا، چونکە خەڵک بە هۆشیاریەوە دەنگیداوە، خەڵک حەزی لە گۆڕانکاریە و بێزاربووە لە چینی دەسەڵاتدار."
پێشیوایە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینانیش کاریگەری هەبووە لەسەر بەرزی دەنگەکانی و دەڵێت "خەڵکی بادینان ناڕەحەتن بە گرتنی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان و حەزیان لە ئازادیە."
کاندیدەکەی یەکگرتووی ئیسلامی ڕوونیکردەوە، حیزبەکەی لەو حیزبە "دەگمەنانەی" عێراقە کە لەم هەڵبژاردنەدا، ڕێژەی دەنگ و ژمارەی کورسیەکانیشی زیادیکردووە، وتی"حیزب هەیە کورسی زیادیکردووە، بەڵام دەنگی کەمیکردووە، هەشە کورسی کەمیکردووە و دەنگی زیادیکردووە، لەکاتێکدا یەکگرتووی ئیسلامی دەنگ و کورسیشی زیادکردووە."
وتیشی "ڕێگە لە ساختەکاری گیرا، حیزبەکان نەیانتوانی ئیرادەی خەڵک تەزویر بکەن، لامان سەیربوو، ئینجا دروشم باوی نەما و خەڵک بەهۆشیاریەوە دەنگیدا."