گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەمەوێت دایکم ببینمەوە’’

چیرۆکی کۆچبەرێک لە دارستانەکانی بیلاڕووسیا ’’دوو بژاردەیان پێدام بۆ مردن’’

2021.10.24 - 18:06
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکی کۆچبەرێک لە دارستانەکانی بیلاڕووسیا ’’دوو بژاردەیان پێدام بۆ مردن’’

ناس کورد-

هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن گەنجانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە بووەتە دیاردەیەکی باو و گەنجێکی لوبنانیش چیرۆکی سەختی ئەو ڕێگایە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لە سنوری پۆڵەندا دوو بژاردەیان بۆ مردن پێداوە، دەشڵێت، "نامەوێت بمرم و دەمەوێت دایکم ببینەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلی عەبدولوارس، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵی لوبنانییە کە لە دارستانەکانی سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندا گیری خواردووە و دەڵێت، پەشیمانە لەوەی ئەو ڕێگەیەی گرتووەتەبەر. 

 

عەلی کە کاری سەرتاشی کردووە  بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاندووە، "بەڕاستی دەردەسەرییەکی زۆر قورسە، ئەمە شتێکە کە بۆ خراپترین دوژمنی خۆم ئارەزووی ناکەم، بەڕاستی کابوسێکی ترسناکە." 

 

ئەو کە لەکاتی قسەکردنیدا بۆ ئاژانسە فەڕەنسییەکە لە دارستانەکانی سنوری پۆڵەندا و بیلاڕووسیا گیریخواردووە دەڵێت، "وەک تۆپمان لێهاتووە بەدەست پاسەوانەکانی سنورەوە لەمبەر بۆ ئەوبەر فڕێمان دەدەن." 

 

عەلی دەڵێت، "شەش جار هەوڵمدا کە دەرچم، بەڵام هەمووجارێک هێزە ئەمنییەکانی پۆڵەنداوە دەستگیرکرام و نێردرامەوە بۆ سەر سنور

 

هاوکات وڵاتی بیلاڕووسیاش ڕێگری دەکات کۆچبەران بگەڕێنەوە مینسک و لەوێوەش بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، هەربۆیە عەلی و هەزارانی هاوشێوەی ئەو لەو نێوەندەدا گیریان خواردووە، نە دەتوانن بڕۆن نە دەتوانن بگەڕێنەوە. 

 

لە درێژەی قسەکانیدا عەلی ئاماژەی بەوەکردووە، هێزە ئەمنییەکان پێیان وتووە، "تۆ دوو ڕێگەت لە بەردەمە، یان لێرە بمریت، یان لە پۆڵەندا بمریت، ڕێگەی دیکە نییە." 

 

ئەو یەکێکە لەو هەزاران گەنجەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە مانگی ئابەوە لە هەوڵدان بۆ بڕینی 400 کیلۆمەتر بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، ئەوەش لەپێناو بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر. 

 

هەر لەدوای ئەو لێشاوەی کۆچبەران بۆ بیلاڕووسیا و لەوێوە بۆ پۆڵەندا، حکومەتی پۆڵەندا پەرژینێکی لەسەر سنوری نێوان هەردوو وڵات دروستکرد و ڕێگری دەکات لە چوونەژوورەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە. 

 

عەلی دەگێڕێتەوە، هەندێک جار لە دارستانەکاندا لە تینوێتیدا ئاوی سەر گەڵای دارەکانیان خواردووەتەوە و چەندین شەویش بەهۆی سەرماوە نەیانتوانیوە بخەون. 

 

ئەو کە تائێستا چارەنوسی نادیارە، هیوا دەخوازێت کە مافی پەنابەری لە پۆڵەندا وەربگرێت، یان هەر نەبێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی کە لوبنانە و دەڵێت، "نامەوێ لەسەر سنور بمرم و دەمەوێت دایکم ببینمەوە."