گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

مەلا بەختیار لە نەخۆشخانەی بەرلینەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە

2021.10.24 - 13:41
App store icon Play store icon Play store icon
مەلا بەختیار لە نەخۆشخانەی بەرلینەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە

ناس کورد- 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی لە نەخۆشخانەی بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا نوسینێکی لەژێر ناونیشانی "سەرئەنجامی ھەڵبژاردن و خۆلادان لە ھەڵەی ستراتیژی" بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەخشەی سیاسی بنچینەیی عێراقی نەگۆڕی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڵاوکردنەوەی نوسینەکەی مەلا بەختیار لە نەخۆشخانەی بەرلینەوە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا دەنگۆی ژەهرخواردکردنی بڵاوبووەوە. 

 

دەقی نوسینەکەی مەلا بەختیار: 



سەرئەنجامی ھەڵبژاردن و خۆلادان لە ھەڵەی ستراتیژی

هەروەکو چاوەڕوان دەکرا هەڵبژاردن سێ  ئەنجامی لێکەوتەوە .

 

1- ڕێژەی دەنگی هەموو هێزە عیراقی و کوردستانیەکان زۆر دابەزی .

2- نەخشەی سیاسی بنچینەیی عیراق نەگۆڕا.

3- کاردانەوەی توندی بەشێک لەهێزەکانی شیعە سەریهەڵدا .

 

ئەم سێ ڕاستیە یەک بە یەک چارەنووسی هێزه عیراقی و کوردستانیەکان دەخاتە قۆناغێکی سەختی تاقیکردنەوەی حکومڕانی و جەماوەری . بۆ؟ وەڵامەکەی ڕۆشنە ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی ڕەهای جەماوەر متمانەی  بەم حزبانە نەماوە.

 

هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری، شکستیان هێناوە. تێکەڵەی حکومەتی شەرعی  و ناشەرعی، عیراقی عەرەبی و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەدەبەن . لەبەردەم دۆخێکی وا ئاڵۆزدا هێزە کوردستانیەکان هێشتا پەرشوو بڵاون و لایەنی کەم بەرنامەی هاوبەشیان نیە. ئەمە لەکاتێکدا لەم هەلومەرجەی ناوچەکەو عیراقدا، کوردایەتی بۆتەوە بەئەرکی چارەنووسازی کوردستان. ئەرکێکی چارەنووساز کە هێشتا دابڕاو نیە لە بارودۆخی عیراق . هەرئەم پێوەندی باشووری کوردستان و عیراقە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە کێشەی کوردی لەهەموو بەشەکانی کوردستان کردۆتە بەشێک لە پرسی دیموکراسی ناوچەکە. کە بەداخەوە ڕەوتی مووزایەدەخوازی ناو کوردایەتی، ناو بەناو ئەم ڕاستیە بابەتیە ئۆرگانیکیە لە نێوان بەشەکانی کوردستان و پرسی دیموکراسی دەکەنە پێخۆری هەستی هەڵچوونی ناسیۆنالیزم، سەرەڕای ئەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان شکستیان خواردوە. هەروەها لەبەرامبەردا هێزە ناسیۆنالیستەکانی ناوچەکەش، لەخەباتی مێژووکردی کوردایەتی لەبەرئەوەی دیموکراسی نین، مافی چارەنووسی کوردستان ناسەلمێنن. بۆیە کێشەی هێزە سەرانسەریەکانی ناوچەکە و کوردستان، لەلایەکەوە پێوەندی بەگۆڕانکاری بابەتیەوە هەیە و لەلایەکی ترەوە پێوەندی بەتەرازووی هێزەوە هەیه لەنێوان هێزە کوردستانیەکان و ناوچەکە .

 

عێراقی دوای هەڵبژاردن، نە هاوکێشە سیاسیەکانی گۆڕی و نە پێوەندی کوردستان و عیراقشی خستە قۆناغێکی ترەوە . بۆیە هاوسەنگی هێز لەنێوان کوردو شیعە و سوننە کاریگەریەکەی ماوە، بەهەندێک گۆڕانکاری کەمەوە ئەویش ئەمەی خوارەوەیە: کە ناکۆکی جەمسەربەندی نێوان شیعەکان و سوننەکان تا ڕادەیەک قوڵتر بوو ناکۆکی هێزە کوردستانیەکان کەمترە، بۆیە پێمانوایە زەمینەی ڕێکخستنی هێزە کوردستانیەکان لەچاو جاران لە بارترە .

 

دۆخی دانووستان لە عیراقدا بۆ مافە پێشێلکراوەکانی ئابووری و سیاسی و دەستوری گونجاوترە. ئەگەر هێزە کوردستانیەکان لەڕوانگەی بابەتیەوە سەیری دۆخی کوردستان و عیراق نەکەن، پێداگری لەسەر مافە تەسکەکانی حزبایەتی بکەن. نەک هەڵەیەکی تەکنیکی بەڵکوو هەڵەیەکی ستراتیژی دەکەن. بۆیە هەلە بەقووڵی هەلومەرجەکە  لێکبدرێتەوەو بە بەرنامەیەکی نەتەوەیی و دیموکراسیش، هەوڵ بدرێت توانای هێزە کوردستانیەکان یەک بخرێت. پێکیشەوە دوای چەندین کۆبوونەوەی دۆستانە بەبڕیاری هاوبەش و بەرنامەیەکی تۆکمەی دانووستاندن، کە تەواوی مافەکانی کوردستان بەرجەستە بکات. هاوکات قەرەبووی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستنی دێهاتەکانیش، بکرێنە بەشێکی دانووستان لەگەڵ بەغداد .

 

هێزە کوردستانیەکان لەئێستاوە تا هەڵبژاردنی کوردستان، دەکەونە ژێر چاودێری هەمەلایەنەی ڕای گشتی . ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا لە عیراقی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەفدی هاوبەش و بەرنامەی هاوبەش دەسکەوتی هاوبەش بۆ کوردستان بەدیبێنن، بێگومان متمانەی رای گشتی کوردستان زیاتر بەدەستدێنن. بەپێچەوانەشەوە هەرهێزێکی کوردستانی، لەدۆڵێکی تەسکی حزبایەتی دەهۆڵ لێبدا بێگومان چارەنووسیان لە هەڵبژاردنی عیراق باشتر نابێت.

 

24/10/2021

نەخۆشخانەی بەرلین