ناس کورد-
دیلان غەفور، کاندیدی سەربەخۆی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ڕاستە وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن کردووە، بەڵام ئەو دەنگانەی بەدەستی ھێناوە دەنگی یەکێتییەکان و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتییە و دەچێتە ناو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕوونکردنەوەکەی دیلان غەفور:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
لەبارەی لێدوان و دەنگۆی ھەندێک کەس و لایەن کە باس لە پەیوەندیی بەندە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەو دەنگانە دەکەن کە لە ھەڵبژاردن بە دەستم ھێناوە، دەمەوێت ئەو ڕاستییە بۆ ڕایگشتی ڕوون بکەمەوە، ڕاستە من بە سەربەخۆ بەشداربووم لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن، بەڵام ھەمیشە خۆم بە یەکێتی زانیوەو یەکێتی ھەر لە ھەڤاڵی ھاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی تا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و میدیای حزبەکەم پشتیوانم بوون لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و ئەو دەنگانەی بەندە بەدەستی ھێناوە بێگومان دەنگی یەکێتییەکان و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتییە.
دەمەوێت جارێکی دیکە تەئکید بکەمەوە، خەبات و تێکۆشانی خانەوادەکەم لەناو یەکێتیدا دیارو بەرچاوەو بەندەش ئەندامێکی دڵسۆزی ئەو حزبەم، لە پەرلەمانی عێراق دەنگم لەپاڵ دەنگی فراکسیۆنی یەکێتی دا دەبێت و دوای پێکھێنانی حکومەتی عێراق کاتێک یاسا ڕێگای پێدام، بە فەرمیی دەبمەوە بە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق.
ھیوادارم بەم ڕوونکردنەوەیە کۆتایی بەو بابەتە بھێنرێت و کەس نان و پیازی پێوەنەخوات!
دیلان غەفور