گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

کەرکوک؛ كورد و عەرەب لە دەنگ یەكسان و لە كورسیدا جیاوازن

2021.10.21 - 13:20
App store icon Play store icon Play store icon
کەرکوک؛ كورد و عەرەب لە دەنگ یەكسان و لە كورسیدا جیاوازن

ناس کورد-

 

كورد و عەرەب لە پارێزگای كەركوك بەپێی دەنگە بەدەستهاتووەكانیان لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، هەریەكە و بە 172 هەزار دەنگ یەكسانن، بەڵام كورد شەش كورسی و عەرەب چوار كورسی پارێزگاكەی بەدەستهێناوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پێگەى "کەرکوک ناو".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتەکە، گرفتی بەردەم كاندیدە كوردەكان ئەوەبوو بایكۆت لە ناوچە كوردییەكان زیاتر بووە و رێژەی بەشداریكردن لەسەدا 36 بووە، لەكاتێكدا لە ناوچە عەرەبنشینەكان گەیشتۆتە لەسەدا 44.

 

بەڵام لەگەڵئەوەشدا عەرەب نەیتوانی بەباشی سود لەو بایكۆتەی كورد ببینێت، بەهۆی پەرتەوازەیی دەنگ و كاندیدەكانی. بۆ نمونە لەگەڵئەوەی 57 هەزار دەنگی لە بازنەی دوو-دا بەدەستهێنا، بەڵام هیچ كورسییەكی پەرلەمانی لەو بازنەیە نەبرد.

 

شەممە 16ی تشرینی یەكەم، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ئەنجامی كۆتایی بەرایی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند و لە پارێزگای كەركوك، كورد شەش كورسی، عەرەب چوار كورسی و توركمان دوو كورسی بەدەستهێنا.

 

جیاوازی كورسییەكانی كورد و عەرەب لە كاتێكدایە دەنگەكانیان جیاوازییەكی زۆر كەمی هەیە كە ناگاتە 100 دەنگ، كورد 172 هەزار و 795 دەنگی هەیە، لە بەرامبەردا عەرەب 172 هەزار و 769 دەنگ، ئەمەش بەپێی داتای كۆتایی كۆمسیۆن لە بارەی پارێزگای كەركوك كە لە ماڵپەڕی فەرمیدا بڵاویكردۆتەوە.

 

هەرچی توركمانە بە بەدەستهێنانی 65 هەزار و 89 دەنگ دوو كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد.

 

ڕاپۆرتەكە پشتی بە ژمارەی دەنگی كاندیدەكان بەستووە كە سەر بە چ نەتەوەیەكن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خۆیان لەسەر لیستێك كاندید كردووە.

 

بازنەی یەك... رێژەی بایكۆت زۆر بوو

لە بازنەی یەك، كە زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەرەكانی كوردن و پێنج كورسی پەرلەمانی هەبوو، 461 هەزار و 328 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

لەو ژمارەیە تەنیا 168 هەزار و 997 كەس دەنگیاندا، كە دەكاتە لەسەدا 36.6 دەنگدەران.

كاندیدەكانی كورد لە حزبیی و سەربەخۆكان، 143 هەزار و 208 دەنگیان هێنا و چوار كورسی ئەو بازنەیەیان بردەوە. هەرچی كاندیدەكانی عەرەب بوو بە 18 هەزار و 583 دەنگ توانیان كورسیی پێنجەم بەدەستبهێنن.

بەڵام توركمان تەنیا شەش هەزار و 668 دەنگی بەدەستهێنا و نەیتوانی هیچ كورسییەك بباتەوە.

 

بازنەی دووەم... دەنگی پەرتەوازەی عەرەب

لە بازنەی دووی پارێزگای كەركوك، كە دەنگدەرەكانی تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان و چوار كورسی پەرلەمانی بۆ دانرابوو، كورد و توركمان هەریەكە و بە دوو كورسی براوەی ئەو بازنەیە بون.

لەو بازنەیە 398 هەزار و 170 كەس مافی بەشداربونیان هەبوو، بەڵام تەنیا 145 هەزار و 189 كەس دەنگیاندا. كە دەكاتە لەسەدا 36.4.

كاندیدەكانی توركمان دەنگی یەكەمی ئەو بازنەیەیان برد (58 هەزار و 145 دەنگ) بەڵام بەهۆی پەرتەوازەییانەوە تەنیا توانیان دوو كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكەن.

هەرچی كوردە لەو بازنەیە بە 29 هەزار و 574 دەنگ، توانی دوو كورسی بباتەوە و وەك براوەی یەكەمی ئەو بازنەیە دەربكەوێت.

كاندیدەكانی عەرەب لەم بازنەیە بە 57 هەزار و 312 دەنگ نەیانتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، ئەوەش بەهۆی پەرشوبڵاویی و زۆری كاندیدەكانیان كە بەسەر حیزب و هاوپەیمانێتی جیاواز و كاندیدی سەربەخۆدا دابەشبون.

 

بازنەی سێیەم... عەرەب بێ ركابەر بوو

بازنەی سێ كە زۆرینەی رەهای دەنگدەرەكانی عەرەبن، كاندیدەكانی عەرەب هەرسێ كورسییەكەیان بۆ خۆیان ییكلاییكردەوە.

لەو بازنەیە، 217 هەزار و 430 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو و 96 هەزار و 996 كەس دەنگیاندا، بە رێژەی لەسەدا 44.6.

كاندیدەكانی عەرەب 96 هەزار و 874 دەنگیان هێنا و هەرسێ كورسییەكەیان مسۆگەر كرد.

توركمان لەو بازنەیە 109 دەنگ و كوردیش تەنیا 13 دەنگی بەدەستهێنا.

 

ئەنجام:

كورد وەك براوەی یەكەمی پارێزگاكە دەبینرێت لە ژمارەی كورسیدا بەشەش كورسی، بەڵام لە دەنگی بەدەستهاتوودا بە جیاوازییەكی زۆر كەم لە پێش عەرەبەوەیە.

 

لە ناوچە كوردییەكان و ناوچە تێكەڵەكان رێژەی بایكۆت زۆر بووە و تەنیا لەسەدا 36 دەنگدەران بەشداربون، بەراورد بە ناوچە عەرەبنیشنەكان كە رێژەی بەشداریی لەسەدا 44 بوو.

 

لە بازنەی دوو، كاندیدەكانی توركمان و عەرەب هەریەكە و نزیكەی دوو هێندەی كاندیدەكانی كورد دەنگیان هێنا، بەڵام كورد نیوەی كورسییەكانی بازنەكەی بۆ خۆی بردووە و نیوەكەی تریش بۆ توركمان بوو.

 

تێبینی:

یەكەم/ لە ئامارانەدا هەندێك كاندید دەنگەكانیان هەژمارنەكراوە، بەڵام كەمتر لە هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە و كاریگەری ئەوتۆی لەسەر كۆی رێژەی دەنگی نەتەوەكان نییە.

 

دووەم/ هەندێك كاندید كە لە حزب و هاوپەیمانی دەرەوەی نەتەوەكەی خۆیدا بەشداری كردووە، (كەركوك ناو) لە كۆكردنەوەی ئەم داتایانەدا دەنگەكانی بۆ نەتەوەكەی خۆی هەژماركردووە نەك لیست و هاوپەیمانێتییەكەی. بۆ نمونە چەند كاندیدێكی توركمان لە هاوپەیمانی تردا كاندید بون.