گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشدارییەک لە تەندروستیی ڕاپەڕینەوە: هەرگیز لەمە خراپتر نابێت

2021.10.20 - 09:02
App store icon Play store icon Play store icon
هۆشدارییەک لە تەندروستیی ڕاپەڕینەوە: هەرگیز لەمە خراپتر نابێت

ناس کورد-

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، هەرگیز دۆخی هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لەمە خراپتر نابێت لەڕووی بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا و "حکومەت و وەزارەتی تەندروستیش وەڵاممان نادەنەوە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە شەپۆلێکی نوێی توندی کۆرۆنا سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینی گرتووەتەوە، دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ڕاپەڕین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین یەکەمجارە ئێمە بگەینە حاڵەتێک کە (بێدی ئۆکسجین) لە نەخۆشخانەکان بۆ وەرگرتنی نەخۆش نەمێنێت، ڕێژەی تووشبوون لەچاو ماوەکانی ڕابردوو لەوتای سەرهەڵدانی ڤایرەسی کۆرۆناوە دوو هێندە زیاترە."

 

دەشڵێت، "لە ئێستادا ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە دێنە نەخۆشخانەکانمان هەموویان پێویستییان بە ئۆکسجین هەیە خۆشمان کێشەی کەمی ئۆکسجینمان هەیە.“

 

دیار ئیبراهیم جەختیکردەوە کە "پێشتر دەرمانمان بۆ چوار مانگ کڕیبوو بەڵام لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هەموویمان سەرفکردووە و لە ئێستادا چەندین دەرمانی پێویستیمان نەماوە و لێمان بڕاوە."

 

"لەماوەی نۆ ڕۆژدا پێنج هەزار بوتڵ ئۆکسجینمان سەرفکردووە، بەتەنها لە دوێنێشدا هەزار بوتڵمان سەرفکردووە."

 

"لەسەر پێداویستی ئۆکسجین و دەرمان بۆ سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین چەندین جار پەیوەندیمان کردووە بە وەزارەتی تەندروستی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەڵام بەداخەوە وەڵاممان نادەنەوە." د.دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ڕاپەڕین وایوت.

 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ئەوەشی وت، "دۆخی هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین هەرگیز لەمە خراپتر نابێت کە هەیە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا 25 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لە یەک ڕۆژدا هەشت کەس بە کۆرۆنا مردوون، ئەم ئامارانە بۆ من وەک یەکەم بەرپرسی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین بەداخەوە ئاماری دڵخۆشکەر نین."

 

د.دیار ئیبراهیم داوای لە هاوڵاتییان کرد پێکوتەی دژ بە کۆرۆنا وەربگرن، دەشڵێت، "لە کۆی 89 حاڵەتی تووشبووی کۆرۆنا کە دوێنێ سەردانمان کردوون هیچ کام لەوانە ڤاکسینییان پێشتر وەرنەگرتووە، ئەگەر پێشتریش حاڵەتی توشبوون هەبوبێت مەترسیدار نەبووە و لەماڵەکانیان چارەسەرییان وەرگرتووە، بێگومان لەوە باشترە بێن لە نەخۆشخانە ئۆکسجین وەربگرن، ئێمە ئێستا 35 کەسمان لەژێر ئامێری ئۆکسجینی دەسکردان."