گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەخشەرێگاى چارەسەر

سەرکردەیەکى یەکێتى بژاردەى کۆبوونەوەى بافڵ تاڵەبانى و لاهور جەنگى ئاشکرادەکات

2021.10.19 - 22:11
App store icon Play store icon Play store icon
سەرکردەیەکى یەکێتى بژاردەى کۆبوونەوەى بافڵ تاڵەبانى و لاهور جەنگى ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، نەخشەڕێگەیەکیان بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان هەیە کە یەکتر بینینی هاوسەرۆکان لە داهاتوویەکی نزیکدا لەخۆ دەگرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرید ئەسەسەرد لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى "رووداو" لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی وتی "کێشەیەکە ناتوانین نکۆڵی لێبکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەین و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بە دڵنیاییەوە باسی ئەو کێشەیە کرا و نەخشەڕێگەیەکیشمان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەیە."

 

رونیشیکردەوە "لە داهاتوویەکی نزیکدا هەوڵی یەکدی بینینی هاوسەرۆکان بژاردەیەکە و هەوڵی ئەوە دەدەین ئەوە بێتەدی."

 

"ئەم دانیشتنە دەبێت بکرێت و بەرنامەکە ئەوەیە دەبێت ئەو دوو جوامێرە دابنیشن و چارەسەری کێشەکانیان بکەن، دەمانەوێت کێشەی نێوانیان کۆتایی پێبێت. هەوڵێکی جیدییش هەیە بۆ چارەسەری کێشەکانیان و هانمانداون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان." 

 

فەرید ئەسەسەرد وتیشى "بە کێشەیەکی گەورەوە چووینە نێو هەڵبژاردن، ئێمە بە هەموو توانای خۆمان توانیمان ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنین، چونکە ئەگەر ئەو کێشەیە نەبوایە رەنگە 10 کورسی دیکەشمان بەدەستهێنابایە، ئەگەر ئەو کێشانەش نەبوایە ئەنجامی باشترمان بەدەستدەهێنا."

  

سەبارەت بەوەی کە ئەوان پێشبینی ئەوە دەکەن لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتی جیاببێتەوە و لیستێک بۆخۆی دروست بکات؟ فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "ئێستا ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین، بەڵام لە کاتی دروستبوونی کێشە هەر لایەنێک چەند بژاردەیەکی لە پێش دەبێت و کامیان هەڵدەبژێرێت پەیوەندی بە خۆیەوە دەبێت، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین بگەینە رێککەوتنێک کە چارەسەرێکی بنەڕەتی بێت و کێشەی لێنەکەوێتەوە."

 

سەبارەت بە بابەتی ژەهرخواردنکردن لەنێو یەکێتی و دەنگۆى ئەوەى دوو سەرکردەی دیکەی یەکێتی ژەهرخواردکرابن"، فەرید ئەسەسەرد وتی "ئەوە دەبێت لیژنەی بۆ دابنرێت و راپۆرتی دەوێت، دواتر دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدەین، ئەوەش کەیسێکە پەیوەندی بە یاسا و پسپۆڕان و پزیشکانەوە هەیە. دوای ئەوەی راپۆرتەکان تەواودەبن ئینجا ئەوە یەکلایی دەبێتەوە." 

 

دەشڵێت "بافڵ تاڵەبانی هەوڵی ئەوەی داوە ئەو بەڵگانەی خۆی بهێنێت و ئێمە سەیریان بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەم نەبینیوە."