گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

مالیكی گفتێك بە كورد و سوننە دەدات

2021.10.16 - 16:38
App store icon Play store icon Play store icon
مالیكی گفتێك بە كورد و سوننە دەدات

ناس کورد- 

 

بەگوێرەی میدیای سەرۆکی حکومەتی هەرێم، نوری مالیکی بەڵێنی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی بە کورد و هەروەها پێکهێنانی هەرێمی ئەنباری بە سونە داوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ (شەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2021) میدیای سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "لە میانەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، نوری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، به‌ڵێنی به‌ كورد داوه‌ یاسای نه‌وت و غاز ده‌ربكات، به‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی هه‌ڵواسراوی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌بن، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ده‌ستكرانه‌وه‌ی كاركردن له‌ كێڵگه‌ نه‌وتی و غازییه‌كان بۆ هه‌ولێر." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاوكات مالیكی به‌ڵێنی پێكهێنانی هه‌رێمی ئه‌نباری سونه‌ی به‌ ته‌قه‌دومی حه‌لبوسی داوه‌، بەڵام هێشتا هیچ ئه‌نجامێك دیار نییه‌ كه‌ كورد و سووننه‌ به‌و به‌ڵێنانه‌ رازی ده‌بن یان نا." 

 

هاوکات چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرایان كردووە، سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدومی سوننە محەمەد حەلبوسی كە زیاتر لە 40 كورسی بەدەستهێناوە پیشنیازی هاوپەیمانێتی لەگەڵ مالیكی كردووە بۆ دروستكردنی گەورەترین لیست لە پەرلەمان.   

 

سەرچاوەكان ئەوەیان بۆ ڕاپۆرتێكی ئەلعەرەبی چاپی لەندەنی پشتڕاستكردووەتەوە كە "ناس كورد" بینیویەتی (16ی تشرینی یەكەمی 2021)، پێشنیازەكەی حەلبوسی زیاتر بۆ تەكتیك و سەرنجڕاكێشانی سەدرە كە براوەی یەكەمی شیعەكانە (72 كورسی) بۆ ئەوەی بانگهێشتی بكات بۆ دروستكردنی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان.  

  

سەرچاوەكان ئەوەشیان بە ڕۆژنامەكە وتووە مالیكی (38 كورسی) چەندجارێك باسی لەوەكردووە لە دانیشتنە تایبەتەكانی كە متمانەی بە حەلبوسی نییە و كەسێكی كەم ئەزموون و نوێیە و لەبری ئەوە لەگەڵ خەمیس خەنجەری ڕكابەری بووەتە هاوپەیمان كە نیوەی كورسییەكانی حەلبوسی هەیە (20 كورسی).  

  

سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانییەكەی حەلبوسی ئامادە نەبووە بە ڕەتكردنەوە یان پشتڕاستكردنەوە كۆمێنت لەبارەی ئەم زانیارییە بدات و تەنها ئەوەی وتووە "رێگرییەك نییە لەبەردەم تەقەدوم بۆ ئەوەی لەگەڵ مالیكی یان هەركەسی تر ببێتە هاوپەیمان".  

  

دوێنێ موقتەد سەدری سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە ڕێگەی وەزیرەكەیەوە ساڵح عێراقی پەیامێكی ئاڕاستەی حیزبی دەعوە كرد و دەربارەی مالیكی دەڵێت، "تاقی كرایەوە و سەركەوتوو نەبوو، تاقی كراوە جارێكی تر تاقی ناكرێتەوە."  

  

لە پەیامەكەدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (15ی تشرینی یەكەمی 2021) سەدر حیزبی دەعوە بەوە تۆمەتبار دەكات كە هاوكاری "شەیتانی گەورە"ی كردووە كە ئاماژەیە بۆ ئەمەریكا.  

  

هەروەها داوایان لێ دەكات بگەرێنەوە سەر ڕێبازی دامەزرێنەری یەكەمی حیزب كە ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدرە و لە بنەماڵەی سەدرە و ئامۆژگاری ئەوەیان دەكات داننان بە هەڵە چاكە و پاداشتە.  

  

هەروەها سەدر ڕوو لە مالیكی دەکات و دەڵێت، "باشترە فریای ئەوە بكەوێت بەفیڕۆی دا و بە دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە قەرەبووی نەكاتەوە".  

 

ئەم كاردانەوەی سەدر بەدوای لێدوانێكی مالیكیدا هات ئەمڕۆ كە باس لەوە دەكات دیموكراسی سەنگی مەحەك و بنەمای پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراقە.