گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو سیناریۆ

شیكار: لە دیالە لیستە كوردییەكان كورسییەكیان بەفیڕۆ دا

2021.10.14 - 15:15
App store icon Play store icon Play store icon
شیكار: لە دیالە لیستە كوردییەكان كورسییەكیان بەفیڕۆ دا

ناس کورد-

لایەنە کوردییەکان له‌ بازنه‌ى چوارى دیاله‌ كه‌ قه‌زاى خانه‌قین ده‌گرێته‌وه‌ ده‌یانتوانى له‌ بری یه‌ك كورسیی، 2 كورسیی مسۆگەر بکەن، بەڵام بەهۆى چەند هۆکارێکەوە کورسییەکیان لەدەستدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێى شیکارییەکى یه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردنى رادیۆی ده‌نگ بۆ ده‌ره‌نجامى ده‌نگدانى بازنه‌ى چوارى پارێزگاى دیاله‌، لایه‌ن و كاندیده‌ كوردییه‌كان تا ئێستا (كاتژمێر 11ى به‌یانى 13/10/2021)، تێكڕا (29) هه‌زار و (311) ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ په‌سه‌ندكردنى جیاكردنه‌وه‌ى ته‌نها (92.4%)ى سندوقه‌كان و به‌مپێیه‌ش بێت ژماره‌ى ئه‌م ده‌نگانه‌ ده‌شێت زیاتر بن له‌ رۆژانى داهاتودا. ده‌نگه‌كانیش تائێستا به‌مشێوه‌یه‌ن:

 

  1. سوزان مه‌نسور (هاوپه‌یمانى نیشتمانى/ یه‌كێتى): 19 هه‌زار و 966 ده‌نگ.

 

  1. جوان جاف (پارتى دیموكراتی كوردستان): 6 هه‌زار و 420 ده‌نگ.

 

  1. ده‌ماوه‌ند جه‌لیل (حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان): 1 هه‌زار و 406 ده‌نگ.

 

  1. فریال حه‌سه‌ن زڕگۆشی هاوپه‌یمانى (نهج الوگنی): 629 ده‌نگ.

 

  1. جیان تۆفیق (حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان): 244 ده‌نگ.

 

  1. ره‌حمان فه‌رمان (سه‌ربه‌خۆ): 242 ده‌نگ.

 

  1. ئه‌مه‌ل عومران (هاوپه‌یمانى منتج الوگنی): 208 ده‌نگ.

 

  1. میدیا جه‌مال (سه‌ربه‌خۆ): 196 ده‌نگ.

 

تائێستا و به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌كان، سێ كاندیده‌ ده‌رچوه‌كه‌ى ئه‌م بازنه‌یه‌ بریتین له‌:

 

  1. سوزان مه‌نسور (پاوپه‌یمانى كوردستانى/ یه‌كێتى): 19 هه‌زار و 966 ده‌نگ.

 

  1. مزر (مچر) كروی (پێكهاته‌ى عه‌ره‌بی/ هاوپه‌یمانى عه‌زم): 16 هه‌زار و 151 ده‌نگ.

 

  1. ئه‌حمه‌د جبوری (پێكهاته‌ى عه‌ره‌بی/ هاوپه‌یمانى تقدم): 12 هه‌زار و 686 ده‌نگ.

 

به‌پێی شیته‌ڵكردنى ده‌ره‌نجامه‌كان، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كورد ده‌یتوانى كورسییه‌كى ترى ئه‌م بازنه‌یه‌ به‌ده‌ستبێنێت، به‌ڵام په‌رته‌وازه‌یی ریزه‌كانى وایكرد ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ى له‌ده‌ست بچێت، چونكه‌ ئه‌م لایه‌ن و كاندیدانه‌ به‌هه‌مویانه‌وه‌ توانیویانه‌ (29) هه‌زار و (311) ده‌نگ به‌ده‌ستبێنن.

 

سیناریۆی یه‌كه‌م

 

شیته‌ڵكردنى ئه‌نجامه‌كان ده‌ریده‌خات ئه‌گه‌ر كورد له‌م بازنه‌یه‌دا به‌ هاوبه‌شى و یه‌ك لیست به‌شداریی بكردایه‌ و دو كاندید (ژن و پیاوێك)ی هه‌بوایه‌، هه‌ردو كاندیده‌كه‌ى ده‌رده‌چو، چونكه‌ له‌م بازنه‌یه‌دا به‌رزترین ده‌نگ پاش سوزان مه‌نسور، مزر كروییه‌ كه‌ (16) هه‌زار و (151) ده‌نگه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نى كوردیی پیاوێكى كاندید بكردایه‌ و وا ئاراسته‌ى ده‌نگده‌ره‌كانى بكردایه‌ كه‌ زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كان بۆ ئه‌و بچوایه‌، ئه‌وا ده‌یتوانى كورسیه‌ك بۆ ئه‌م كاندیده‌ پیاوه‌ى مسۆگه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش به‌س بو بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ر بكه‌وێت، چونكه‌ ده‌نگى ئه‌و كاندیده‌ پیاوه‌ كورده‌ له‌ هه‌مو حاڵه‌تێكدا له‌ سه‌روى 20 هه‌زاره‌وه‌ ده‌بو، كه‌ ئه‌مه‌ش زیاتره‌ له‌ ده‌نگى كاندید و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان.

 

هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌نگه‌یشی كه‌ ده‌مایه‌وه‌، به‌ پشت به‌ستن به‌ سیسته‌مى كۆتا، ژنه‌ كاندیدێكیشی پێ ده‌رده‌چوێنرا، چونكه‌ ئێستا زۆرترین ده‌نگێك كه‌ كاندیدی ژن به‌ده‌ستى هێنابێت له‌ دواى سوزان مه‌نسوره‌وه‌، جوان جافی كاندیدی پارتیه‌ كه‌ (6) هه‌زار و (420) ده‌نگه‌، به‌ڵام به‌وهۆیه‌ى براوه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م بازنه‌یه‌ ژنه‌ (سوزان مه‌نسور) بۆیه‌ ئه‌و له‌ بردنه‌وه‌ى كورسی كۆتا بێبه‌ش بوه‌.

 

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ له‌نێو كاندیده‌ ژنه‌كانى لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان، زۆرترین ده‌نگ كه‌ كاندیدێكى ژن به‌ده‌ستیهێنابێت (ریام كروی)یه‌ كه‌ (2) هه‌زار و (594) ده‌نگه‌، هه‌روه‌ك كۆی ده‌نگى ژنانى كاندیدی عه‌ره‌بی ئه‌م بازنه‌یه‌ كه‌ 8 كاندیدن، (2) هه‌زار و 20 ده‌نگه‌، له‌كاتێكدا كۆی ده‌نگى كاندیده‌ ژنه‌ كوردییه‌كان كه‌ 7 كاندیدن، تێكڕا (29) هه‌زار و (69) ده‌نگه‌، ئه‌مه‌ش جیاوازیه‌كه‌ له‌نێوان كاندیده‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان ده‌رده‌خات.

 

سیناریۆی دووه‌م

 

لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت دو ژنیشیان كاندید بكردایه‌، به‌ڵام ده‌نگده‌رانیان ئاراسته‌ بكردایه‌ كه‌ وه‌كو یه‌ك ده‌نگ به‌ده‌ستبێنن، ئه‌وا هه‌ردوكیان ده‌یانتوانى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنن، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌وه‌ى ده‌رچوى سێیه‌مى ئه‌م بازنه‌یه‌ (12) هه‌زار و (686) ده‌نگی هێناوه‌، له‌كاتێكدا كۆی ده‌نگى لایه‌ن و كاندیده‌ كوردییه‌كان (29) هه‌زار و (311) ده‌نگه‌ و به‌ دابه‌شكردنى به‌سه‌ر 2 كاندید دا یه‌كی سه‌روى 14 هه‌زار ده‌نگیان به‌رده‌كه‌وێت.

 

به‌ڵام به‌وپێیه‌ى ده‌ره‌نجامى به‌شداریی و ده‌نگه‌كانى بازنه‌كه‌ پێشبینی نه‌كراوه‌، ئه‌م سیناریۆیه‌ مه‌ترسیی زۆرتره بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌ردو كورسیه‌كه‌‌.

 

بنه‌مایه‌ك بۆ نه‌خشه‌ى هه‌ڵبژاردنی داهاتوو

 

ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له‌ نه‌خشه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ بدرێت، رونه‌ كه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان جگه‌ له‌وه‌ى له‌ناو یه‌كدا ته‌با نین و نه‌یانتوانیوه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ك ساز بكه‌ن، هاوكات به‌رچاویشیان رون نه‌بوه‌ له‌وه‌ى تاچه‌ند كاندیدیان سه‌ركه‌وتو ده‌بێت و ته‌نانه‌ت چه‌ند ده‌نگ به‌ده‌ستدێنن، ئه‌ویش به‌و به‌ڵگه‌یه‌ى كه‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان كاندیده‌كانیان ژن بوه‌، به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گومانیان هه‌بوه‌ بتوانن كاندیدێكى پیاو ده‌رچوێنن به‌هۆی بونى كێبڕكێی به‌هێز له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان، ویستوشیانه‌ ئه‌م ریسكه‌ نه‌كه‌ن و به‌ كاندیدكردنى كاندیدی ژن، لانی كه‌م بتوانن كورسی كۆتای ئه‌م بازنه‌یه‌ به‌ده‌ستبێنن.

 

به‌ڵام ئه‌م پێدراوانه‌، ئه‌گه‌ر بۆ ئێستا بوبن به‌ مێژو و روداوێكى تێپه‌ڕ، ئه‌وا بۆ داهاتو وه‌كو بنه‌مایه‌ك ده‌توانرێت پشتى پێببه‌سترێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بتوانن گوتارى نیشتمانى به‌سه‌ر گوتارى حزبیی دا زاڵ بكه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن دو له‌سه‌ر سێی كورسیه‌كانى ئه‌م بازنه‌یه‌ به‌ده‌ستبێنن كه‌ به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ دروشمی كوردستانى بونى به‌ باڵادا ده‌ڵێنه‌وه‌!