گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

گۆڕان بڕیارى کشانەوەى لەحکومەت نەدا

2021.10.13 - 20:17
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕان بڕیارى کشانەوەى لەحکومەت نەدا

 

 

ناس کورد-

 

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان چوار بڕیارى بۆ رێکخستنەوەى بزوتنەوەکە راگەیاند، کە هیچیان پەیوەست نییە بە پرسی کشانەوەیان لە حکومەت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى جڤاتى نیشتیمانى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا چوار بڕیار دراوە کە یەکێکیان ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا. تێیدا:

 

یەکەم: وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی، ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆ گۆڕانکاری. 

 

دووەم: ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ درا.

 

سێیەم: ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە. هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لەگەڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە.

 

چوارەم: ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان راست دەکەینەوە و، ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ.

 

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

١٣ی ١٠ی ٢٠٢١