گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی لەبارەى ڕووداوەکانی کەرکوک: لە هیچ لایەنێکی قبوڵ ناکەین

2021.10.13 - 12:50
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتی لەبارەى ڕووداوەکانی کەرکوک: لە هیچ لایەنێکی قبوڵ ناکەین

ناس کورد-

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی کەرکوک دەڵێت، "بە نیگەرانییەوە لەو دۆخە نەخوازراوە ئەمنییەی كەركوك دەڕوانین كە لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا دروستكراوە و لە ھیچ لایەنێكی قبووڵ ناکەین درێژە بەم جۆرە ڕەشبگیرییە بدات".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2021، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمایی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەكێتی پەیوەندی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و لە پەلاماردانی ماڵی كورد و پێشێلكاریی ھێزە ئەمنییەكان و دەستگیركردنی گەنجانی کورد ئاگاداری كردووەتەوە و "دووپاتیكردووەتەوە ئەو دۆخە دروستكراوە جێگەی قبووڵكردن نییە".

 

زانیاری زیاتر: لە کەرکوک 65 گەنجی کورد بە تۆمەتی ’’تێكدانی ئاسایش’’ دەدرێنە دادگا  

 

باسی لەوەشکردووە، "یەكێتی ھێزی بەرپرسیارە و پرەنسیپی پاراستنی گیانی پێكەوەژیان و ئاشتییانە دەگرێتەبەر و پارێزگاری لەو پێكەوەژیانەی كەركووك دەكات، ھاوكات پارێزەری ماف و خاك و كوردستانی بوونی شارەكە دەكاتەوە و بەم ستراتیژە كاردەكات".

 

پێشتر کەمال کەرکوکی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك -گەرمیانـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی کەرکوک و دەستگیرکردنی نزیکەى 65 گەنجی کورد دەڵێت، "کەسانێك لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەم ئاژاوەیان دروستکردووە، بۆ ئەوەی ئێوەی دڵسۆز و نیشتمان پەروەریش پەلکێشی ناو ئەم کێشەیە بکەن".

 

کەمال کەرکوکی لە ڕاگەیەندراوەکەدا (13ی تشرینی یەکەمی 2021) دەڵێت، "بەھۆی ئەو شکستەی تووشی بوونە کە چەند کورسیەکیان لەدەستدا، چەند کەسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک تەقەیان بەسەر سوپا و ئاھەنگێڕاندا کردووە و کە بووە ھۆی ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی و پۆلیس، بە ناھەق لەگەڵ چەند گەنجێکی دڵسۆز بە دەست و بە قۆناخە تفەنگ رووبەرووی یەک ببنەوە، لە ئەنجامدا لە لایەن ژمارەیەکی کەسی کورد وەڵام درانەوە، پاشان سوپا و پۆلیسی ئیتحادی ژمارەیەك کەسی بێتاوانیان لەو گەنجانە دەستگیر کرد".

 

 

کەمال کەرکووکی ڕاشیگەیاند، "داوا لە فەرماندەی عەملیات و سوپای عێراق و پۆلیسی محەلی کەرکوك دەکەین، بە ھێمنی و ئارامی بە ئەرکی خۆیان وەکو پێش ھەڵبژاردنەکان ھەڵسن. بەم شێوەی ئێستا و تێکدانی ئارامی لە ھاوڵاتیانی کوردی شارەکە ، رێگای چارەسەر نیە و بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی ئاڵۆزی زیاتر".