گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

لە کەرکوک 65 گەنجی کورد بە تۆمەتی ’’تێكدانی ئاسایش’’ دەدرێنە دادگا

2021.10.13 - 11:21
App store icon Play store icon Play store icon
لە کەرکوک 65 گەنجی کورد بە تۆمەتی ’’تێكدانی ئاسایش’’ دەدرێنە دادگا

ناس کورد-

ماڵپەڕی کەرکوک ناو دەڵێت، 65 گەنجی كورد دوای شەوێك دەستبەسەركردن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە دادگایی بكرێن، ئەوەش بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش"ی شارەكە و رێگریكردن لە بە ئازادی كاركردنی هاوڵاتیان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکە کە گرنگی بە ناوچە جێناکۆکەکان دەدات، ئەو گەنجانە دوو شەوە لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی عیراق لە هەردوو فولكەی ئیخوان لە گەڕەكی رەحیماوا و بازاڕی شۆڕیجە ئاهەنگ دەگێڕن و دواتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بۆتە دەمەقاڵێ و سەریكێشاوە بۆ بارگرژی.

 

دەشڵێت، هێزەكانی لیوای تایبەتی 61ی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سوپای عیراق و پۆلیسی ناوخۆیی چونەتە هەردوو گەڕەكەكە و هێزیان جێگیركردووە، 65 گەنج دەستگیركراون و ژمارەیەكیش روبەڕی "ئەشكەنجە" بونەتەوە، هێزە ئەمنییەكانیش بەشێكیان بە دەبە و بەرد پەلاماریان دراوە و هەوڵدراوە ئاڵای هەرێمی كوردستان و یەكێتی و پارتی بخرێتە سەر ئۆتۆمبێلەكانیان.

 

بەپێی ئامارەكانی (كەركوك ناو) كە لە هەردوو بنكەی پۆلیسی رەحیماوا و ئازادی كەركوك وەریگرتووە، 65 گەنج ئەمشەو لەو دوو بنكەیە هێڵدراونەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یەكەم رەوانەی دادگا بكرێن.

 

ئەحمەد عەلی، مامی یەكێك لە دەستگیركراوەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "برازاكەم پۆلی سێی ناوەندییە، لەكاتێكدا لە ئیش گەڕاوەتەوە كاتژمێر 7ی ئێوارە لە گەڕەكی شۆڕیجە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركراوە... ئێمە نە یەكێتین نە پارتین، هیچ پەیوەندییەكمان بەو ئاهەنگ و گرژییانەوە نییە و كوڕەكەمان بێ تاوانە".

 

وتیشی "سۆراغی كوڕەكەمان كردووە، ئەمشەو لە بنكەی پۆلیسی ئازادی هێڵدراوەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ دادگایی بكرێت".

 

كەسوكاری یەكێكی تر لە دەستگیركراوەكان، كە لەبەر كاردانەوەی هێزە ئەمنییەكان نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەمان لەناو بازاڕی شۆڕیجە دەستگیركراوە، ئێمە بەشێك نین لەو ئاهەنگ و گرژییانە و داوای ئازادكردنی رۆڵەكەمان دەكەن".

 

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پۆلیسی كەركوك، جەختیكردەوە "گەنجەكان تۆمەتباركراون بە تێكدانی ئاسایشی كەركوك و رێگرییكردن لە كاركردنی هاوڵاتیان".

 

لەو 65 گەنجە، 36 گەنجیان لە گەڕەكی شۆڕیجە و 29ی تریش لە گەڕەكی رەحیماوان، لەلایەن سوپا و لیوای تایبەتی 61وە دەستگیركراون و رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی كراون، بە ماددەی 222 لە یاسای سزادانی عیراق دەستگیركراون.

 

بەپێی بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیە، هەر گردبونەوەیەك، ئامانج لێی ئەنجامدانی تاوان، یان كەتن، یان رێگریی لە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكاندا هەبێت، یاخود كاریگەری بكاتە سەر كارەكانی دەسەڵات، یان هاوڵاتیان لە ئازادی كاركردن بێبەش بكات، ئیتر ئەو كاریگەرییە بەهێز بێت، یان هەڕەشە، ئەوا ئەو كەسە سزادەدرێت بە زیندانی كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزادی ماددی دەدرێت یان هەردوو سزاکە دەیگرێتەوە.

 

بەپێی مادەكە، سزاكە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بانگەوازی بۆ گردبونەوەكە كردوووە، یان بەڕێوەیبردووە، یان بەشداری تیادا كردبێت و ئاگاداری ئامانجەكەی بوبێت. هەروەها ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە لە گردبونەوەكە دورنەكەوتونەتەوە، هەرچەندە زانیویانە ئامانجەکەی چییە.