گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەدر دوو ڕێگای لەبەردەمە

هۆشدارییەك بۆ خۆپیشاندەرانی بەغدا: وریای چارەنوسی گۆڕان بن 

2021.10.12 - 19:39
App store icon Play store icon Play store icon
هۆشدارییەك بۆ خۆپیشاندەرانی بەغدا: وریای چارەنوسی گۆڕان بن 

ناس كورد-

توێژەری پێشكەوتووی پەیمانگای كارنیگی ئەمەریكی حارس حەسەن هۆشداری دەداتە نوێنەرانی دەرچووی خۆپیشاندەرانی بەغدا وریابن وەك بزوتنەوەی گۆڕان نەچنە دەسەڵات و سووربن لەسەر چاكسازی ئەگینا چارەنووسیان پووكانەوە دەبێت. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حارس حەسەن كە توێژەرێكی عێراقی نیشتەجێی ئەمەریكایە و كار بۆ ژمارەیەك ناوەندی بیانی دەكات، لە شیكارێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (12ی تشرینی یەكەمی 2021) دەڵێت پاش دەركەوتنی ئەنجامەكان سەدر دوو ڕێگای  لەبەردەمدایە كە یان بەرەنگاربوونەوەی گوشارەكان و دروستكردنی حكومەتی زۆرینەیە لە هەندێك هێزە سەرەكییە براوەكان یان بەش بەشێنەكەی جاران لەگەڵ هەندێك گۆڕانكاریی بچوك لە دابەشكاری پۆستەكان.

 

لەبارەی خۆپیشاندەرانی تشرینەوە كە ژمارەیەك نوێنەریان گەشتووەتە پەرلەمان، چارەنوسی بزوتنەوەی گۆڕانیان بیر دەخاتەوە كە چۆن كاتێك لە ئۆپۆزسیۆنەوە چووە دەسەڵات و سەرۆكە كاریزماتیكەكەی كۆچی دوایی كرد بوو بە گەورەترین دۆڕاو لە كوردستان لە دوا هەڵبژاردن. 

 

حارس حەسەن پێشنیار دەكات سەربەخۆكان و تشرینییەكان فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن پێكبهێنن و نەچنە دەسەڵات لەبری ئەوە پرۆژەیەكی چاكسازی سیاسی دابنێن كە واقیعی بێت و بیر لە هەڵبژاردنی داهاتوو بكەنەوە لە جیاتی ئەوەی پۆست و پارە و چەكیان هەبێت.

 

 

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی 2021، ڕەوتی سەدر بەژمارەیەكی زۆر كورسی كەوتە پێش ڕكابەرەكانی و هەر لەم پرۆسەیەشدا لیستەی مالیكی كورسییەكانی زیاتر كرد لەجاران لەبەرامبەریشدا كورسییەكانی فەتحی حەشدی شەعبی و لیستەكانی تر بە خێرایی پاشەكشەیان كرد.  

 

سەدر.. گەورەترین لیست  

لە دوای هەڵبژاردنی پێشوو (2018) ڕەوتی سەدر و شیوعی و مەدەنییەكان پێكەوە 54 كورسییان بەدەستهێنا (سائیرون) بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارە سەدر بەتەنها و لەژێر ناوی "الكتلة الصدریة" 73 كورسی مسۆگەر كردووە و بەتەمای 75 كورسیشە لە دوا ئەنجامەكان، بەمەش بەڕێژەیەكی زۆر لەپێش ركابەرەكانییەتی و خۆی بە گەورەترین لیست ناساند. بەر لە هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردنیش سەدر پێداگری لەسەر وەرگرتنی سەرۆكایەتی وەزیران دەكات و لە ئێستاشدا سەرقاڵی ئەوەیە لیژنەی دانوستانكار ڕەوانەی لایەنەكان بكات بۆ سەرۆكایەتیكردنی جموجوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت.  

  

داكشانی بەرچاوی كورسییەكانی حەشد  

لە هەڵبژاردنی پێشوو (2018) هاوپەیمانێتی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری و بەشداری بزوتنەوەی عەسایب و ئەنجومەنی باڵا دووەم لیست بوون لەپاش سەدر و 47 كورسییان بەدەستهێنا كە زیاتر بوو لە لیستەكەی عەبادی سەرۆك وەزیران (النصر)، بەڵام لەم هەڵبژاردنە هەمان لیست دووچاری پاشەكشەیەكی گەورە بوویەوە و كورسییەكانی دابەزیوە بۆ 17، ئەمەش سەركردەكانی هاوپەیمانییەكەی دووچاری شۆك و پەرچەكرداری توند كردووە و پێیانوایە ئەوەی ڕوویداوە پلانگێڕییە لەدژیان و ئەنجامەكان ڕەت دەكەنەوە. ئەم ئەنجامە خراپەی حەشد لە كاتێكدا بزوتنەوەی (حقوق) ی حیزبوڵڵا كە چاوەڕوانی 10 كورسی بوو تەنها 1 كورسی بەدەستهێناوە و لیستەكەی فالح فەیازی سەرۆكی حەشد تەنها 4 و بەمەش حەشدەكان نزیك نەبوونەتەوە لەنیوەی كورسییەكانی پێشوویان كە لەپاش شەڕی داعش بەدەستیانهێنا.  

  

چونەپێشەوەی مالیكی  

هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ژمارەی كورسییەكانی لە 25 كورسییەوە بەرزكردووەتەوە بۆ 37، لە پێكهاتەی نوێی هاوپەیمانییەكەشدا قەوارەی ئیرادەی حەنان فەتلاوی بەشدارە و بەوپێیەی مالیكی خۆی بە دامەزرێنەری راستەقینەی حەشد دەزانێت هەندێك كەس و لایەن پێیانوایە هادی عامری و قەیس خەزعەلی ناچارن بگەرێنەوە بۆلای، هەندێكیتر ئەمە بەقورس دەزانن لەسەر دڵی ئەوان پاش ئەوەی خولی پێشوو خۆیان مالیكییان بەجێهێشت و بوونە دووەم هێزی ناو پەرلەمان لە پەنا هێزی چەكدارەكانیان. هەر لەم میانەیەشدا مالیكی ئێستا لەهەوڵی كۆكردنەوەی زۆرترین لیست و كورسیدایە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەك بتوانێت پێش سەدرییەكان بكەوێت بەهۆیەوە كە ركابەری تەقلیدی و نەیاری سەرسەختی یەكترن.  

  

شۆكی حەكیم و عەبادی  

یەكێكیتر لە ئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانی ئەم هەڵبژاردنە پاشەكشەی زۆری حەكیم و عەلاوییە بۆ (هێزەكانی دەوڵەت) بۆ 4 كورسی لە كاتێكدا كورسی كۆكراوەی هەردوولا بەجیا دەوروبەری 60 بووە. ئەم دوو هێزە لەسەر میانڕەوەكانی شیعە ئەژمارن و لەنێوان سەدر و حەشدی شەعبیدا بوون، بەڵام بەهۆی ئەنجامە خراپەكانەوە چوونەتە دەرەوەی ركابەرییەكانی دروستكردنی حكومەت.  

  

خۆپیشاندەران و سەربەخۆكان  

هەر لەم هەڵبژاردنەی دوایی ژمارەیەكی زۆر هێزی خۆپیشاندەر و سەربەخۆ لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بوونەتە خاوەنی كورسی پەرلەمان، لە نەجەف 5 كورسی بەر خۆپیشاندەران و سەربەخۆكان كەوتووە لە هەندێ پارێزگای تری باشور 10 كورسی و لە تێكڕای شار و بازنەكانی عێراقیش چەند سەربەخۆ و كورسییەك بەر ئەو هێزانە كەوتووە كە لەدەرەوەی حیزبە گەورەكان كێبەركێیان كردووە، ئەمەش یەكەم دەرفەت و ئەزموونە لەپاش چوار خولی پەرلەمان.  

  

ئەنجامێكی چاوەڕوانكراو لە سوننەكان  

لە شەقامی عەرەبی سوننە و لە شار و بازنەكانیان ركابەری سەخت لەنێوان بەرەكەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و هاوپەیمانێتی عەزمی خەمیس خەنجەردا بوو، بەگوێرەی ئەنجامەكان حەلبوسی كە سەرۆكایەتی پەرلەمانی بەدەستە و لە بەغدا و ئەنبار و پارێزگاكانی تر پێگەی هەیە بە 43 كورسی دوو هێندە زیاتری بەرەی خەنجەری بەدەستهێنا كە 20 كورسییە. لە پەنا ئەم دوو بەرەیەشدا هەندێ وردە هێزی سوننە لە سەلاحەدین و نەینەوا كورسییان بردووە بەمەش قەبارەی سوننەكان نزیك بووەتەوە لە ئاستی چاوەڕوانكراوی خۆیان كە دەوروبەری 70 كورسییە.