گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

یەکەم لێدوانی فەرمی لەبارەی کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت

2021.10.12 - 14:22
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم لێدوانی فەرمی لەبارەی کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت

ناس کورد- 

لەدوای شکستەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و بەدەستنە‌هێنانی هیچ کورسییەک، لەئێستادا دەنگۆی کشانەوەی بزووتنەوەکە لە حکومەت هەیە و بەرپرسێکی بزووتنەوەکەش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، پێویستە هەندێک کەس لە گردەکە بکرێنەدەرەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان (سێشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەڵێ پێشنیازی کشانەوە لە حکومەت و دەستلەکارکێشانەوەی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتیش هەیە، بەڵام ئەمانە تەنها پێشنیاز و بۆچوونن، هەندێک پێیانوایە کشانەوە باشە، هەندێک پێیانوایە باش نییە." 

 

ڕوونیشیکردەوە، "ئەوەی هەیە تائێستا پێشنیاز بووە، ئەمە هەروا بە بڕیارێکی خێرا ناکرێت و پێویستە سەرەتا جڤاتی گشتی و نیشتیمانی کۆببنەوە و بە دەنگدان بڕیارێک لەوبارەیەوە بدەن کە ئایا لە حکومەت بکشێینەوە یاخود بمێنینەوە." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دەبێت هۆکارەکانی شکستەکەمان بزانین کە ئایا لە حکومەت خراپ بووین، یاخود لە پەرلەمان یاخود لە هەڵوێستەکانمان یاخود ساختەکاری کراوە، دواتر هەر بڕیارێک لەوبارەیەوە بدرێت، دەدرێتە خانەی ڕاپەڕاندن و پەسەند دەکرێت." 

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی "ناس کورد" پرسی کشانەوە لە حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا باس کراوە. 

 

ناس کورد زانیویەتی، زۆرینەی بەشدارانی کۆبوونەوەکە پێیان باشبووە بزووتنەوەکە لە حکومەت بکشێتەوە، بەڵام بەشێک لەو ئەندامانەی پۆستی حکومییان هەیە، پێیان وابووە باشترە لە حکومەت بمێننەوە. 

 

خەلیل سەرکانی باسی لەوەکرد، "بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی نەهاتووە و بە دڵنیاییەوە خۆمان ڕێکدەخەینەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری بوێرانەیە، هەندێک کەس لە بزووتنەوەکەدان پێویستە دووربخرێنەوە و هەندێکی دیکەش کە زویر بوون ئاشت بکرێنەوە." 

 

باسی لەوەشکرد، "تەنها گۆڕانیش نییە کە دەنگەکانی کەمی کردووە، بگرە یەکێتی و پارتی لە گۆڕان زیاتر دەنگەکانیان کەمی کردووە، بەڵام ئێمە پێمانەوە دیارە، سەرەڕای ئەوەش ئەنجامدانی ساختەکاری کاریگەری لەسەر دەنگەکانمان هەبووە و تورکیا دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی ساختەکاریدا."