گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ دیاری کران

2021.10.10 - 18:23
App store icon Play store icon Play store icon
لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ دیاری کران

ناس کورد-

ئینستتیوتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دیاری کررد و دەڵێت، ئاماده‌بوونیكی كه‌می ده‌نگده‌ران له‌ بنكه‌كانى ده‌نگداندا به‌دی ده‌كرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی راگه‌یه‌ندراوى ئینستتیوتى په‌ى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق: 

 

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رێككه‌وتی 10/10/2021 ئینستتیوتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان، له‌ رێگه‌ی چاودێره‌كانیه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ چاودێریكردنی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ رۆژی 8/10/2021 چاودێری پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تی كردبوو.

 

له‌م راپۆرته‌ كورته‌دا ئاماژه‌ به‌ گرنگترین ئه‌و تێبینیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن چاودێره‌كانمانه‌وه‌ تۆمار كراون، دواى ته‌واو بوونى سه‌رجه‌م پرۆسه‌ى ده‌نگدان و راگه‌یاندنى كۆتایی ئه‌نجامه‌كانیش له‌ راپۆرتێكى تێروته‌سه‌لدا سه‌رجه‌م ره‌وشی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان به‌به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنته‌وه‌ شرۆڤه‌ ده‌كه‌ین و بڵاوى ده‌كه‌ینه‌وه‌:

 

یه‌كه‌م:لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌كانى پرۆسه‌كه‌:

 

1-تا ئاستێكى باش به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى پرۆسه‌كه‌ به‌ ئارامی به‌ڕێوه‌ده‌چوو.

 

2-به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ئاسایشی بنكه‌كان باش دابینكرابوون.

 

3-به‌شێوه‌یه‌كى گشتى رێكارى كۆمسیۆن جێبه‌جێ ده‌كرا، كه‌ ده‌بوایه‌ ده‌نگده‌ر بۆ ده‌نگدان به‌ڵگه‌نامه‌كانی (ره‌گه‌زنامه‌ی شارستانی، پاسپۆرت، كارتی نیشتیمانی) پێ بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێگه‌ی پێنه‌ده‌درا ده‌نگبدات.

 

4-كاتژمێر (٦)ی ئێواره‌ له‌ كاتی خۆیدا بنكه‌كانی ده‌نگدان داخران.

 

5-له‌نێو وێستگه‌ و بنكه‌كانى ده‌نگداندا ساخته‌كاری به‌دینه‌ده‌كرا، به‌ڵام بۆ قۆناغى دواتر ناتوانین هیچ رایه‌ك بده‌ین، چونكه‌ پرۆسه‌كه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ و سه‌باره‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ى سندوقه‌كان و ناردنى ئه‌نجامه‌كان بۆ كۆمسیۆن و شێوازى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كان، له‌كاتی خۆیدا تێبینى و سه‌رنجه‌كانمان راده‌گه‌یه‌نین.

 

دووه‌م: لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كانى پرۆسه‌كه‌:

 

1-هه‌ندێك له‌ بنكه‌كانى ده‌نگدان له‌كاتى دیاریكراوى خۆیاندا نه‌كرانه‌وه‌و دواكه‌وتن.

 

2-ئاماده‌بوونیكی كه‌می ده‌نگده‌ران له‌ بنكه‌كانى ده‌نگداندا به‌دیده‌كرا.

 

3- ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان له‌ زۆربه‌ی بنكه‌كاندا گرفتیان هه‌بوو و ده‌وه‌ستان و تێكده‌چوون.

 

4-كێشه‌ی  نه‌خوێندنه‌وه‌ى په‌نجه‌مۆر له‌ هه‌موو بنكه‌كاندا هه‌بوو له‌ ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان.

 

5- له‌نزیك هه‌ندێك له‌ بنكه‌كاندا ڕیكلامى قه‌واره‌كان هه‌بوو، هه‌روه‌ها بوونی بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ندێك كاندید له‌به‌رده‌م هه‌ندێك له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان.

 

6- رێگرى كردن و هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌نووسان، كه‌ روماڵى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان ده‌كرد.

 

7-بوونی به‌رپرسان و نوێنه‌رانی حیزب و لیسته‌كان له‌ به‌رده‌م هه‌ندێك له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان بۆ كارتێكردنه‌ سه‌ر بڕیاری ده‌نگده‌ر و ئاڕاسته‌كردنیان.

 

8-پابه‌ندنه‌بوونى كۆمسیۆن و ده‌نگده‌ران به‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ په‌تای كۆرۆنا له‌ زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان.

 

9-به‌ربه‌ستكردن و سنوورداركردنی هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌ هه‌ندێك بنكه‌ له‌ رووماڵكردنی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان.

 

10-هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندنى حزبه‌كان تا ئێواره‌ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام بوون.

 

11-له‌هه‌ندێك له‌وێستگه‌كاندا رێگرى له‌و ده‌نگده‌رانه‌ نه‌ده‌كرا، كه‌ مۆبایلیان به‌مه‌به‌ستى وێنه‌گرتن له‌كاتى ده‌نگداندا به‌كار ده‌هێنا.

 

12-بوونى هێزى چه‌كدار له‌نزیك هه‌ندێك له‌ بنكه‌كانى ده‌نگدان.

 

13-ئه‌ژماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى ده‌نگدانى تایبه‌ت كاریگه‌رى خراپی له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ده‌نگدانى گشتیدا هه‌بوو.

 

14-هه‌ڕه‌شه‌ى موچه‌بڕین له‌هه‌ندێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كرابوو له‌ساتى ده‌نگدانى تایبه‌تدا.

 

15-له‌ده‌نگدانى تایبه‌تدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌چه‌كه‌وه‌ به‌شداری پرۆسه‌ى ده‌نگدانیان كرد له‌ناو وێستگه‌كانى ده‌نگداندا.

 

ئینستتیوتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان

10/10/2021