گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەلی باپیر دەنگی دا: ئیسلامییەکان دەتوانن لە پەرلەماندا هاوپەیمانی بکەن

2021.10.10 - 09:43
App store icon Play store icon Play store icon
عەلی باپیر دەنگی دا: ئیسلامییەکان دەتوانن لە پەرلەماندا هاوپەیمانی بکەن

ناس کورد-

عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە شاری هەولێر دەنگی دا و ڕایگەیاند، ئیسلامییەکان ئەگەر نەیانتوانیوە بە یەک لیست بەشداری بکەن لە هەڵبژاردندا ئەوە زەرەریان لێ نادات، "چونکە دواتر لە دەتوانن پەرلەمان هاوپەیمانیەتی دروست بکەن هاوشێوەی گروپی 15."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلی باپیر لە بنکەیەکی شاری هەولێر دەنگی دا (10ی تشرینی یەکەمی 2021) و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە خەڵکی کرد بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان چونە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی "ئەرکێکی شەرعی و شارستانییە."

 

لەبارەى نەبوونی لیستی هاوبەشی ئیسلامییەکانی لە هەرێمی کوردستان، عەلی باپیر وتی، "ئیسلامییەکان ئەگەر نەیانتوانیوە بە یەکی لیست بەشداری بکەن ئەوە زیانیان لێ نادات، چونکە دوایی دەتوانن هاوپەیمانی پێکبهێنن، وەک چۆن لە قۆناغی ڕابردوودا گروپی پانزەی هاوپەیمانی هیوا دروست بوو لە ئیسلامییەکان و غەیرە ئیسلامییەکان و کاریگەری باشیشیان هەبوو."

 

باسی لەوەشکرد کە "هیوادارم خولی داهاتووی پەرلەمان لە خولەکانی ڕابردوو کاراتر بێت، کەموکوڕی هەبووە لەوانەی پێشوو، بە تایبەت لە پەراوێزخستنی هەندێک پێکهاتە، هیوادارم هەموو لایەک عیبرەتیان لە ئەزمونی ڕابردوو وەرگرتبێت."

 

لەبارەى پێشبینی کۆمەڵ بۆ کورسییەکانی، ناوبراو وتی، "ئێمە پێنج کاندیدمان هەیە و هیوادارم هەر پێنجیان دەربچێت."

 

عەلی باپیر هیوای خواست کابینەی داهاتوو وەک کابینەکانی پێشوو نەبێت "چونکە کابینەکانی پێشوو زۆریان پێوە خراوە، ئەوەش لەسەر حسابی بەرژەوەندی خەڵک و جەماوەرە، عێراقیش بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەرێت هیوادارم ئەوانەی کورسی زیاتر دەهێنن زوو کابینەکە پێک بهێنن بۆئەوەى بە ئەرکەکانی خۆی هەڵبسێت."

 

وتیشی، "ئەوەى دەڵێت گۆڕانکاری بە دەنگدان دروست نابێت ئەوە دەڵێین ئەی بژاردە چییە، نەخێر، ئەگەر خەڵک خاوەنی بوچوونی خۆی بێت دەتوانێت گۆرانکاری بکات و ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم بچن بۆ هەڵبژاردن".

 

لەبارەى یەکڕیزی کورد لە بەغدا، سەرۆکى کۆمەڵی دادگەری وتی، "ئەوە پەیوەندی بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمەوە هەیە، هەتا لێرە دادگەری زیاتر بێت و گەندەڵی و قۆرخکاری کەمتر بێت و خەڵک ئاسودەتر بێت، ئەوە دەبێتە هاندەر بۆ ئەوەى لە بەغدا یەکدەنگ بێت، هەمیشە و بۆ ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە یەکدەنگ بووین."