ناس کورد-
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماوەى (زانکۆلاین)ى بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو درێژدەکاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی (١٠/١٠) رۆژی دەنگدانە و هاووڵاتیان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن، دەشڵێت، ئەوە دوایین دەرفەت و کۆتا وادەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (شەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١) ڕایگەیاند، " لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، هەروەها بەهۆی ئەوەشی (١٠/١٠) رۆژی دەنگدانە و هاوڵاتیان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا ماوەى زانکۆلاین (٤٨) کاتژمێری دیکە واتە تا سەعات (١٢)ی شەوى رۆژى دووشەمە رێکەوتى (٢٠٢١/١٠/١١) بۆ دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە."
راشیگەیاندووە، " لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووان، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن."
عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەمە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەى ئەو ٤٨ کاتژمێرەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوەو تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین."