ناس کورد-
راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى هەڵبژاردن رایگەیاند، پڕۆسەى دەنگدانى تایبەت بەپێی ئەو پلانە بەڕێوەدەچێت کە دانراوە، لەئێستاوە ئاماژەى سەرکەوتنى هەڵبژاردن دەرکەوتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حسێن هنداوى بەئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، دەنگدانى تایبەت بەپێی پلانى دیاریکراو بەڕێوەدەچێت، پێشبینیدەکرێت ژمارەى بەشدارى زیاد بکات.
بنکەکانى دەنگدان سەرلەبەیانى بەرووى دەنگدەرانى تایبەتدا کرانەوە لەسەرتاسەرى عێراق، پێش دوو رۆژ لە دەنگدانى گشتى.
شانەى میدیاى ئەمنى عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزە ئەمنى و سەربازییەکان بەرەو بنکەکانى دەنگدان چوون بۆ بەشداریکردنى کارایان لە هەڵبژاردن.
لە سەرتاسەرى عێراق یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٧٢٧ کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکەن کە کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، ١٢٠ هەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان هەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق ٥٩٥ بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و ١٢١ بنکەیان لە هەرێمی کوردستانە، ٥٢ بنکەیان لە هەولێر، ٤١ بنکە لە سلێمانی و ٢٨ بنکەش لە دهۆک.