ناس کورد-
بۆ یەکەمین جار پەیامێکی شێروان شێروانی لە زیندانەوە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە و ناوبراو دەڵێت، "ئیمە بردمانەوە و دەسەڵات دۆڕاوە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ساڵرۆژی دەستگیرکردنیدا، رۆژنامەنوس شێروان شێروانی، زیندانی بادینان (پێنجشەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2021) پەیامێکی دەنگی لە زیندانی ھەولێرەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، " پێم سەیرە خاوەن ئەم دەزگا ئەمنی و دەسەڵاتە باسی حوکمڕانی دەکەن و لەبەرامبەرمان چەندە دڕندە بوون و دڕندەش چەندە ترسنۆکە."
شێروان شێروانی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بە بێ تاوانی زیندانیانی بادینان و پێشڵکاری دەزگا ئەمنیەکانی ئاسایشی گشتی ھەولێر دەکات لە کاتی لێکۆلینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان و دەڵێت، " ئەم دەستەڵاتە دەتوانێت زیندانیمان بکات و چەند کیلو گوشتێک لە جەستەمان بکەنەوە و فشار لە کەسوکارمان بکات، بەڵام ناتوانێت قەناعەت و ناخمان بگۆڕێت، بۆیە ئێمە بردمانەوە و ئەوان دۆڕاندنیان."
ساڵێک لەمەوبەر و لە رێکەوتی ٧ی ١٠ی ٢٠٢٠ شێروان شێروانی لە ماڵەکەیدا دەستگیرکرا و لە رێککەوتی ١٦/٢/٢٠٢١ لەگەل چوار رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەدا بۆ ماوەی شەش ساڵ حوکمدران.