گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەرپرسێکی حدکا: لەو شارەی کۆنگرەکەی تێدا دەکرێت مانگێکە کچە کوردێک بێسەروشوێنە

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران: کۆنگرەی ناودارانی کورد هەلێکی باشە بۆ ئاشتەوایی

2019.07.02 - 16:47
App store icon Play store icon Play store icon
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران: کۆنگرەی ناودارانی کورد هەلێکی باشە بۆ ئاشتەوایی

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران پێیوایە لەئێستادا کێشەی دەسەڵاتدارانی ئێران و کوردانى ئەو وڵاتە کەمبووەتەوە، بەڕێوەچوونی مەراسیمی هاوشێوەی کۆنگرەی ناودارانی کوردیش لە ئێران، بە هۆکارێک دەزانێت بۆ زیاتر بەرەو ئاشتەوایی ڕۆشتن، بەڵام بەرپرسى حیزبێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕایەکى پێچەوانەى هەیە. . ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2019، لە شاری سنە کۆنگرەی ناودارانی کورد، بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی ناوداری کورد بەڕێوەچوو. . نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەو کۆنگرەیە زیاتر کۆنگرەیەکی فەرهەنگییە وەک لەوەی سیاسی بێت، وتیشی: "لە ئێستادا هەموو بابەتێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە و بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە کۆنگرانەش، دەکرێت ببنەهۆی زیاتر چەسپاندنی ئاشتەوایی لەنێوان حیزبە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی ئێران". . "ئامادەبوونی نوێنەری ڕابەڕی شۆڕشی ئێران و جێگری دووەمی حەسەن ڕۆحانی، هاوکات 'مامۆستا مەزهەری خالقی' خۆی لە خۆیدا گرنگی خۆی هەیە بۆ پەیوەندی هەردوو نەتەوەکە لە ئێراندا"، نازم دەباغ واى وت. .   ئاماژەی بەوەشکرد: "دۆزی کورد لە ئێراندا تەنها بە ئاشتی چارەسەر دەبێت و لەئێستاشدا بە خەباتی چەکداری هیچ نەتەوەیەک ناگات بە مافەکانی، بەڵکو پێویستە کوردی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵبدەن لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن". . ئەو بەپرسەى حکومەتى هەرێم لە تاران، بە پێویستیشی زانى، لە هەر سێ پارچەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور چاو لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەشڵێت، ئێستا کوردی ڕۆژهەڵات پێویستیان بە خەباتى چەکداریی نییە و پێویستە بە گفتوگۆ هەوڵبدەن مافەکانیان بەدەستبهێنن. . لەبەرامبەردا، بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، ڕێککەوتن و ئاشتەوایی بە "کۆنگرەیەکی ڕووکەش"ی لەوشێوەیە ناکرێت و ئەوە تەنها بۆ شاردنەوەی دۆخی ڕاستەقینەی ژیانی کوردە لە کۆمەڵگای ئێراندا. . کەریمی پەروێزی، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو کۆنگرەیە هیچ زەمینەیەک دروست ناکات بۆ نزیکبوونەوەی حیزبە کوردییەکانی ئێران لە حکومەت، چونکە ئەوە تەنها شتێکی ڕوکەشییە و ئەوان کۆنگرە دەکەن و خەڵات دەبەخشن بەڵام لەولاوە تەقە لە کۆڵبەری کورد دەکەن". . ئەو بەرپرسەى حیزبە کوردییەکەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ئاماژەى بەوشکرد: "هەر لەو سنەیەدا کە کۆنگرەکەی تێدا دەکرێت، ئافرەتی کورد گیراوە، مانگێکە بێسەروشوێنە و کەس نازانێت چی بەسەرهاتووە". . سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و ئاشتەوایی، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری حزبی دیموکرات وتی: "کورد هەرگیز لەگەڵ شەڕدا نەبووە، بەڵام گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ دەبابە و تۆپدا ناکرێت، کاتێک ئەو شەڕمان لەگەڵدا دەکات، پێویستە بەرگری لە خۆمان بکەین". . کۆنگرەی ناودارانی کورد، بۆ یەکەمجارە لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت و تیایدا 30 کەسایەتی و ناوداری کورد خەڵات دەکرێن، کە دیارترینیان هونەرمەند مەزهەری خالقییە، کە دوای نزیکەی 38 ساڵ دووبارە گەڕایەوە ئێران و لە کۆنگرەکەدا بەشدارە. . .