کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- پشتیوان جەلال
لەماوەى کەمتر لە 24 کاتژمێردا لە گەرمیان، زیاتر لە یەک ملیۆن هێلکە و لە قەزاى دووکان 21 هەزار هێلکە لەناوبران، لە پارێزگاى سلێمانیش دەست بەسەر 540 کیلۆ هەنگوینى نەشیاودا گیراوە، کە سەرجەم ئەو خۆراکانە خۆراکى هاوردەن و زۆربەیان لە ئێرانەوە هاتونەتە هەرێمەوە.
.
ڕێگاکانى لەناوبردنى کەلوپەل و خۆراکە ماوە بەسەرچووەکان و خراپبووەکان لە هەرێمى کوردستان یان دەکرێتە ژێر خۆڵەوە یان دەسوتێندرێت، ڕێکخراوەکانى ژینگەپارێزیش هۆشدارى دەدەن و دەڵێن "ناکرێت هەرێم ببێتە زبڵخانەى وڵاتانى دراوسێ".
.
خۆراکى نەشیاو و ماوە بەسەرچوو هەڕەشە لە ژینگەى هەرێم دەکات
لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى هێلکە لە هەرێمى کوردستان، لە گەرمیان دەست بەسەر یەک ملیۆن و 200 هەزار هێلکەى ماوە بەسەرچوودا گیرا، لە ڕاگەیەندراوێکدا قائیمقامیەتى قەزاى کەلار ئاشکرایکرد، هێلکەکان بازرگانێکی عەرەب لە مەرزى پەروێزخانەوە هاوردەى کردوون، کە بە نیاز بووە، بیبات بۆ بەغدا، بەڵام لە کەلار دەستى بەسەردا گیراوە و لە پشکنین دەرنەچووە.
.
قائیمقامیەتى کەلار ئەوەشى ڕاگەیاندووە، ئەو ژمارە هێلەکەیە لە چوار ئۆتۆمبێلى بارهەڵگردا بوون، کە خاوەندارییەتیەکەى بۆ دوو بازرگانی عەرەب و بازرگانێکی کورد دەگەڕێتەوە، لەلایەن لیژنەکانى قائیمقامیەتەوە تەواوى هێلکەکانیش لەناوبراون.
.
بەر لە کەمتر لە 24 کاتژمێر، بە هەمان شێوە قائیمقامیەتى قەزاى دووکان ئەوەى ڕاگەیاندبوو، دەستیان بەسەر 700 کارتۆن هێلکەی ماوەبەسەرچوودا گرتووە، دواتر لەلایەن لیژنەکانیانەوە لەناوبراون کە 21 هەزار هێلکە بوون.
.
هەر ئەمڕۆ 2ى تەموز، قائیمقامیەتى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، لهلایهن لیژنهی سێی سهربه لیژنه هاوبهشهكانیان، دهست بهسهر بڕێكی زۆر ههنگویندا گیراوه كه شیاوی خواردن و بهكارهێنان نییە.
.
ئاماژە بەوەشکراوە، دهركهوتووه ئهو پێشانگایەی وڵاتی ئێران له ماجدی مۆڵ كردویهتییهوه، تیایدا بڕی 540 كیلۆ ههنگوینی گوماناوی هەبوون کە داندراوە بەهاوڵاتیان بفرۆشرێن.
.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەى قائیمقامیەتى سلێمانیدا هاتووە: "ههنگوینهكه دهستى بەسەردا گیراوە، کە دوو جۆر بوون جۆرێكیان بهشانهوه هاورده كراوه، بهپێی رێنماییهكانی وهزارهتی كشتوكاڵیش هاوردهكرنی ههنگوین به شانهكهیهوه رێگه پێنهدراوه، جۆرهكهی تریشی له تهنكهدابووە و نمونهی ڕهوانهی تهندروستی سلێمانی كراوه بۆ پشكنین، دەرکەوتووە كه شیاوی خواردن و بهكارهێنان نین".
.
قائیمقامی سلێمانی بڕیاریداوە کە ههردوو جۆره ههنگوینهكه لهناو ببرێت.
.
هەر بە گوێرەى ئامارى یەک مانگى قائیمقامیەتى سلێمانى، ئاشکرا کراوە کە لە مانگى حوزەیراندا، لیژنه هاوبهشەكانی قائیمقامیهتی سلێمانی دهستیان بهسهر بڕی زیاتر له 43 تۆن خۆراك و ماددهی ماوه بهسهرچودا گرتووه، کە شیاوى بەکارهێنان و خواردن نەبوون.
.
بهبڕیاری قائیمقامی سلێمانی "بهشێكی زۆری ئەو مادانە له ناوچهی تانجهرۆ و بهشێكی دیکەشیان له شوێنی تایبهت و دوور له شوێنی نیشتهجێبوونی هاوڵاتیان، لهناوبراون و خاوهنهكانیشیان ڕوبهڕوی رێكاری یاسایی كراونهتهوه".
.
.
ڕێگاکانى لەناوبردنى ئەو خۆراک و کەلوپەلانە چین؟
بەگوێرەى بەداواداچوونەکانى ناس کورد، دەرکەوتووە لە نێو لیژنەکانى قائیمقامیەتى شارەکان، لیژنەیەک هەیە تایبەت بە لەناوبردنى خواردن و کەلوپەلە ماوەبەسەرچوو و خراپبووەکان.
.
گۆران قادر، سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى لەبارەى شێوازى لەناوبردنى ئەو مادانە بۆ ناس کورد ڕونیکردەوە: "لیژنەیەکمان هەیە کاریان لەناوبردنى مادە ماوە بەسەرچووەکانە، چۆن شارەوانى خۆڵ و خاشاک لەناودەبات، ئێمەش بەو جۆرە ئەو خۆراک و مەوادە ماوەبەسەر چووانە لەناودەبەین"
.
سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى وتیشی: "لەناوچەى تانجەرۆ چاڵى گەورەى بۆ هەڵدەکەندرێت و دەخرێتە ئەو چاڵانەوە و دواتر دادەپۆشرێت، بۆ ئەوەى دووبارە هاوڵاتیان نەچن دەرى بهێننەوە و بەکاریبهێننەوە، شتەکان دەڕێژرێن یان دەشکێندرێن و خۆڵیش دەکرێت بەسەریا".
.
بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، هەندێک جاریش لەشارەکانى هەرێمى کوردستان، لەڕێى سوتاندنەوە بەشێکى ئەو کەلوپەل و خۆراکانە لەناو دەبرێن.
.
.
"هەرێم بووەتە زبڵخانەى وڵاتانى دراوسێ"
ڕێکخراوەکانى ژینگە پارێز و دەستەى ژینگەى هەرێم، هۆشداری توند دەدەن لەوەى ئەو جۆرە لەناوبردنەى خۆراک و کەلوپەلێکى زۆر، مەترسی گەورەن بۆ داهاتووى ژینگەى هەرێم.
.
ئازاد ئەحمەد، سەرۆکى ڕێکخراوى ژینگە دۆستانى گەرمیان تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "لە هەرێمى کوردستان تا ئێستا ڕێگایەکى تەندروست نییە بۆ لەناوبردنى ئەو خۆراک و کەلوپەلانە، هەروەها لە هەرێم ڕیسایکلینمان نییە، بەڵام کێشەیەکى یکە ئەوەیە لە هەموو دونیا هەر خۆراک و مەوادێکى ماوەبەسەرچوو و خراپ هاوردە بکرێت ڕەوانەى وڵاتەکەى خۆى دەکرێتەوە، بەڵام لە هەرێم وا نییە و هەرێم بووەتە شوێنى ساغکردنەوەى ئەو مەوادە خراپانەى وڵاتان".
.
"بەڕاستى ئەوەى دەبیندرێت ئەوەیە ئەو وڵاتانەى دراوسێی هەرێم ئەو کەلوپەلە و خۆراکە خراپانە لە کۆڵى خۆیان دەکەنەوە، حکومەتى هەرێمیش تا ئێستا ئیجرائاتێکى توندى بەرامبەر ئەو کەس و بازرگانانە نەگرتووەتەبەر بۆ ئەوەى ئیتر نەوێرن هەنگاوى لەو جۆرە بنێنەوە"، ئازاد ئەحمەد واى وت.
.
لەبارەى مەترسییەکانى خۆراک و کەلوپەلە ماوەبەسەرچووەکان لەسەر هەرێم، ئەو چالاکوانەى ژینگە وتى: "بەدڵنیاییەوە کاریگەرى خراپى هەیە، لەگەڵ خۆڵ و پاشماوە و خاشاکەکەى خۆمان کە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ لەناوبردنیان، ئەو هەموو مەوادە ماوە بەسەرچووانەى وڵاتانى دراوسێشى هاتووەتە سەر کە دێتە نێو خاکى هەرێم و مەترسین بۆسەر ژینگە و کەشوهەوا و ئاوى ژێر زەوى و تەنانەت مەترسین بۆسەر ژیانیشمان".
.
.
لەلایەکى دیکەوە، هەندرێن شێخ ڕاغب، وتەبێژى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێم تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "بەردەوام بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە کردووە و وەزارەتى تەندروستیشمان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە، چونکە لە هەرێم دوو کێشەى گەورە هەن، یەکێکیان ئەوەیە، ڕۆژانە لە هەرێم حەوت هەزار تۆن خاشاک هەن کە زبڵێکى زۆرە، کۆدەکرێنەوە کەچى کارگەى ڕیسایکلینمان نییە کە ئەو خۆڵ و خاشاکە بچێتەوە پرۆسەى بەرهەمهێنان، دووەم کێشەش ئەوەیە لە هەرێم 'مەحرەقە'ى زانستى نییە، ئەگەر هەبێت ئەتوانین پاشاوە ژەهراوى و ئێکسپایەرەکان لەناوبەرین".
.
وتەبێژەکەى دەستەى ژینگە ئاشکراشى کرد، وەزارەتى شارەوانى بەوانى ڕاگەیاندووە، کە پلانێکى ستراتیژیان هەیە بۆ ئەوەى 'مەحرەقە' لە سەرجەم شارەکان هەبێت بۆ ئەوەى خۆڵ و خاشاکەکان لەناوببرێن، دەشڵێت، بەوە کۆتایی بەو ڕێگایە دەهێندرێت کە لە ئێستادا خۆراک و کەلوپەلى ماوە بەسەرچووى پێ لەناودەبرێت.
..
.