گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و باسی بڕیارەکانی دەکات

2021.10.03 - 16:20
App store icon Play store icon Play store icon
بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و باسی بڕیارەکانی دەکات

ناس کورد- 

بافڵ تاڵبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "یەکێتیمان لەھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی

 

لە چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی تۆدا بەشکۆوە رادەمێنم و تاوێک لە خەباتی رابەر و رۆشنکەرەوەی بیری کوردایەتی و بڵێسەی شۆڕشی نوێ، پشوودەدەم و بەدەم گەشبینی، ھیوا و ئومێدەوە بۆ ئاسۆیەکی روونتر ھەنگاودەنێم.

 

ھەنگاوی وەفاداری دەنێين و بەشوێن دونیابینی و سیاسەتی حەکیمانەی مام ڕێدەکەين و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی دەپارێزین، دەیبوژێنینەوە، رێکیدەخەینەوە.

 

وەفادار بۆ یەکێتی و مێژووی پڕسەروەری مام، ئەرکی ئێمەيە بەرنامەکەت تەواوبکەين و یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزين. ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێکی تر دڵنیات بکەمەوە و ویژدانم ئاسوودەبکەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێکی زۆر دواجار بە ھاوکاری دڵسۆزانی رێگاکەت و تێکۆشەران و شوێنکەوتوانی، یەکێتیمان لەھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت. راستە رێگری ھەبوو بەڵام لەم کاروانەدا تەنھا نەبووین و تەنھا نین، پێکەوە ھەموومان تێکۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەھیدان، ھەڤاڵان و کادران یەکێتیمان پاراست و لەخەمی یەکێتیدا بووین، وەک سەردەمی رابەرایەتی تۆ ئێستا یەکێتی و یەکێتییەکان ئازاو ئازادن کار بۆ ژیانێکی باشتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر دەکەن.

 

لەم قۆناغی خەباتی نوێیەشدا یەکێتییەکەمان و گۆڕانەکەی کاک نەوشيروان دوا ئاواتی ئێوە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکیان بەجێگەیاند و پێکەوە بەرەو سەرکەوتن ھەنگاودەنێن و لە ھاوپەیمانیەتييەکەدا لە بەردەم وەفاداری خەڵک و کێشە بنچینەییەکانی ھەرێم و پارسەنگی ھێز و مافە دەستوورییەکانمان راوەستاوین. ھاوپەیمانی کوردستان وەفادار دەبێت و کار بۆ ژیانێکی باشتر و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دەکات. خۆمان ئامادەکردووە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و کاک نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ئێوە بکەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان.

 

کەرکوک و کەرکوکییەکان، خانەقینییەکان، شەنگال، مەخمور و ئازیزانمان لە ناوچە دابڕێندراوەکان لەبەرامبەر بەڵێنی سەرۆک مام جەلال و خەمی کوردستانی بوونی ئێوە وەفادارین و لەئاست بەرپرسیارێتی پەیمانی مام دەبین و قودسی کوردستان قوڵایی ستراتیژی خەباتمان دەبێت و بەگیانمان دەیپارێزین، بۆ ھەمیشە لەگەڵتانین و شارەکەی خۆمان جێنەھێشتووە و جێی ناھێڵین، وەفا و وەسێتی باوکمانە و دەیپارێزین....

 

بۆ تۆی باوکیش بیرت دەکەم، زۆرجار لەبەرامبەر مەزنیت، رابەرایەتی و پێشەواییت، داکۆکیت لەمافە گشتییەکان و ئازادی رادەربڕین و تەبایی و یەکڕیزی گەلی کورد، خەمت بۆ نیشتمانێک کە رەنگدانەوەی  ھەموو بۆچوونە جیاوازەکان بێت، رادەمێنم و بەڵێن بە رۆحت دەدەم کە ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئەمانەتەوە بەجێ بگەیەنم و مەشخەڵی شۆڕشی نوێ و یەکێتییەکەت بڵێسەدارتر بکەم. ئارامی بۆ ڕۆ‌حی مەزنت و رێگات رۆشن و یەکێتییەکەت ئاوەدانتر باوکە گیان.

کوڕی خۆت

بافڵ