گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەدر پەیامێکی ئاڕاستەی عەبدولمەهدی کرد

عەبدولمەهدی بڕیاریدا بارەگاکانی حەشدی شەعبی دابخرێن و تێکەڵ بە سوپا بکرێن

2019.07.01 - 22:22
App store icon Play store icon Play store icon
عەبدولمەهدی بڕیاریدا بارەگاکانی حەشدی شەعبی دابخرێن و تێکەڵ بە سوپا بکرێن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق، بڕیاریدا هێزەکانی حەشدی شەعبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ڕابگرن و سەرجەم بارەگاکانیشیان دابخەن، بۆ ئەوەى تێکەڵ بە سوپای عێراق بکرێن، سەدریش لەوبارەیەوە پەیامێکى ئاڕاستەی عەبدولمەهدی کرد. . عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق، بە فەرمانێک چەند بڕیارێکی لەبارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە، دەبێت هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێک بن لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و  لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق بن، هەروەها سەرجەم بارەگاکانیشیان دادەخرێن. . سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانى بەوەشکردووە، هیچ هێزێکى سیاسی بۆى نییە چەک هەڵگرێت، تەنها بە مۆڵەت نەبێت ئەوەش بۆ پاسەوانی بارەگانیان و بەرپرسەکانیان وەک هەموو رێکخستنە سیاسییەکان. . هەر بەپێی بڕیارەکە، سەرجەم ئەو ناوانە نامێنێت، کە پێشتر هەبوون و هێزەکانی حەشدی شەعبى لە جەنگی دژی داعش بەکاریانهێناون. . لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ئەوەش هاتووە، رێگە بە هیچ هێزێکی چەکداری نادرێت بە نهێنی یاخود ئاشکرا لە دەرەوەی رێنماییەکان کار بکات، بەپێچەوانەوە بە دەرچوو لە یاسا دادەنرێت و دەستگیردەکرێت و پێویستە دڵسۆزی هێزەکان تەنها بۆ حکومەت بێت، نەک لایەنە سیاسییەکان. . عادل عەبدولمەهدی ماوەی مانگێکی وەک مۆڵەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەرکردووە و جەختیکردووەتەوە، 31ی تەموزی 2019 کۆتا مۆڵەتە بۆ کۆتاییهێنانی کارەکان بەپێی ئەو رێکارانەی کە دیاریکراون. . پاش دەرکردنی بڕیارەکەی عەبدولمەهدی، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامێکدا بۆ عادل عەبدولمەهدی پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، بڕیارێکی زۆر گرنگە و یەکەم هەنگاوی ڕاستە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی بەهێز. . ڕێبەری ڕەوتی سەدر سوپاسی سەرۆکوەزیرانى کرد بۆ ئەو بڕیارەى، دەشڵێت، دەرکردنی ئەو بڕیارە و جێبەجێکردنیشی دەبێتە هۆی پاراستنی هەیبەتى سوپا و ئارامی و  ئاسایشی عێراق. . بۆ پشتگیرى لەو بڕیارەش موقتەدا سەدر دەستلەکاکێشانەوەى لە "سەرایا سەلام" ڕاگەیاند، داواشى کرد بەپەلە ئەو هێزە هەڵوەشێتەوە، کە پێشتر خۆى بڕیارى دامەزراندنى دابوو. . .