ناس کورد-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی هۆشداری بە دایکان و باوکان دەدات لە پێدانی دەرمانی خۆماڵی و گژوگیا و دەڵێت، گومان ئەکرێت مردنی سێ منداڵ لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەوە بوبێت و داوای لێکۆڵینەوەش لە تەندروستیی سلێمانی دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە نوسراوێکدا د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی (شەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، " لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زیاتری منداڵان داخڵی نەخۆشخانە کراون کە لە دەرەوەی نەخۆشخانە دەرمانی خۆماڵی و گژوگیایان دراوەتێ و گومان دەکرێت مردنی سێ منداڵ لەو منداڵانە هۆکارەکەی بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە بێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوا لەهەموو دایکان و باوکان ئەکەین تکایە بێ ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان دەرمان بەکارمەهێنن بۆ منداڵەکانتان."
هاوکات داواشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کردووە بەدواداچوون بکەن بۆ ئەوەی ئەو بابەتە نەبێتە هۆی مردنی منداڵی زیاتر.