گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی: کێشەکانمان کۆنترۆڵ کرد

2021.10.01 - 16:40
App store icon Play store icon Play store icon
سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی: کێشەکانمان کۆنترۆڵ کرد

ناس کورد- 

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، کێشەکانی یەکێتی چارەسەرنەکراون، بەڵام  کێشەکانیان کۆنترۆڵ کردووە و بەوەش ئەنجامی هەڵبژاردن نزیک دەبێت لە خواستەکانیانەوە، دەشڵێت، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت کاری جدی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (هەینی 1ی تشرینی یەکەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "کێشەکانی نێو یەکێتیمان کۆنترۆڵ کرد، تا ئەو کێشانە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نەبێت، بۆیە پێمانوایە ئەنجامەکان نزیک دەبن لەوەی کە خواستمانە بەدەستی بهێنین."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کێشەکانی نێو حیزبەکەی هێشتا چارەسەر نەکراون، بەڵام بەهۆی بانگەشەوە، دۆخەکە هێورکراوەتەوە، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، دەبێت کاری جدی بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

 

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، باسی لەوەشکردووە، پێشبینیکردن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق قورسە، سیستمی هەڵبژاردن گۆڕاوە، ڕەنگە ئەمە هەمەجۆرییەکی زیاتر لەنێو پەرلەمانی داهاتوو دروست بکات و خەڵکێکی زیاتر لەدەرەوەی حیزبەکانەوە بچنە پەرلەمان، بەڵام پێناچێت ئەمە هەرێم بگرێتەوە، زیاتر ناوچە عێراقییەکان دەگرێتەوە."

 

سەبارەت بە نێوان هەرێم و بەغدا، ئەسەسەرد ڕوونیکردووەتەوە، " ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش بنەمای بۆ دانراوە، هەر حکومەتێکی تریش بێت، لەسەر ئەو بنەمایانە دەڕوات، بۆیە کێشەی گەورە لەنێوان هەرێم و بەغدا نایەتە ئاراوە، گەر کێشە بێتە ئاراوە، کێشەی تازە و ناچاوەڕوانکراو دێتە پێشەوە، بەڵام لەهەموو حاڵێکدا، ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، حکومەتی داهاتووش لەسەری دەڕوات."

 

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، سەبارەت بە فشارەکانی تورکیا و ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەناوچە سنورییەکان، ئەوەی خستووەتەڕوو، "کێشە سنورییەکان زیاتر پەیوەندیان بەعێراقەوە هەیە، دەبێت کورد ئەم کێشەیە بە عێراقی بکات، چونکە سنور لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمە، ڕەنگە پاش ئەم هەڵبژاردنە، تێڕوانینی تازە بۆ شێوازی چارەسەرکردنی ئەو کێشە بێتە ئاراوە، هەندێک بۆچوون لەنێو هەرێم هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەسەلە، بەڵام زۆر پشتگیریان لێناکرێت، دەبێت کێشەی سنور لەڕێگەی بەغداوە یان بەهەمانگی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت."

 

هاوکات، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی، دەربارەی خواستی لایەنە شیعەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە، " کورد دژی هەموارکردنەوەی دەستور نیە، گەر لەبەرژەوەندی عێراق بێت، بەڵام گەر بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کورد بێت، کورد دەتوانێت ڕێگری لێبکات، وتی"دەستور مادەیەکی تێدایە، مافی ڤیتۆی داوەتە سێ پارێزگا، تا هەموو جۆرە هەموارێک هەڵوەشێننەوە، گەر لەبەرژەوەندیان نەبێت، عێراقیش ئەم هەنگاوە نانێت، تا دڵنیا نەبێت لەوەی هەرێم ڤیتۆ بەکار ناهێنێت."