گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند گریمانەیەک

ئایا عێراق و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر چەککردن و دەرکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم؟

2021.09.27 - 23:52
App store icon Play store icon Play store icon
ئایا عێراق و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر چەککردن و دەرکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم؟

ناس کورد-

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ڕایگەیاند کە تاران و بەغدا ڕێککەوتوون لەسەر چەککردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرکردنیان لە هەرێمی کوردستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 24ی ئەیلولی 2021، ئیسماعیل خەتیب لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی "فارس نیوز"ی نیمچە فەرمی ئێرانی وتی، "لە نزیکترن ماوەدا حکومەتی عێراق سەرجەم گروپە دژە شۆڕشەکان لە هەرێمی کوردستان چەک دەکات، ئەوەش دوای ڕێککەوتنێک کە بەمدواییە ئەنجام دراوە."

 

بێدەنگی عێراقی
لێدوانی ئەو بەرپرسەی ئێران هیچ کاردانەوە و لێدوانی لایەنی عێراقی بەدوای خۆیدا نەهێنا و بە ئەرێنی و نەرێنی وەڵامی نەدرایەوە، لەکاتێکدا ئێران بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات لە سنورەکانی هەرێمی کوردستاندا.

 

ڕۆژنامەی عەرەبی 21 بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک و وەڵامدانەوەى ئەوەى ئایا عێراق و ئێران بە ڕاستی لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون یاخود نا ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە و نوسیویەتی، لەگەڵ چەندین بەرپرسی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەى عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە قسەى کردووە بەڵام هیچ ئاماژەیەکی دەستنەکەوتووە کە بیسەلمێنێت وەها ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوو وڵات کرابێت.

 

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق بە ڕۆژنامەکەى وتووە، "ئەو بابەتە پەیوەندی بە لایەنی ئەمنییەوە هەیە، چونکە لێدوانەکە لە بەرپرسێکی ئەمنی ئێرانییەوە دراوە، وەزارەتی دەرەوە هیچ وەڵامێکی بۆ بابەتە سەربازی و ئەمنییەکان پێ نییە."

 

هاوکات ڕۆژنامەکە پەیوەندی بە تەحسین خەفاجی، وتەبێژ بەناوی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کردووە کە لایەنێکی سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقە و وتوویەتی، "بابەتەکە سیاسییە و پەیوەندی بە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە نییە، لەوانەیە وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وەڵامێکی پەیوەندیداری لابێت، چونکە بابەتەکە بابەتێکی سیاسییە."

 

ڕۆژنامەکە هەوڵی داوە پەیوەندی بە تەحسین خەفاجییەوە بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لەوەدا.


بەڵام پەیوەندی بە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەوە کردووە و ناوبراو ڕەتی کردووەتەوە هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە هەبێت و وتوویەتی، "ئاگام لێی نییە و هیچ شتێکی فەرمیم لەو بارەیەوە لە لایەنی حکومەتی عێراقییەوە بۆ نەهاتووە."

 

پەیامێک بۆ ناوخۆ
لەبارەى قسەکانی وەزیری ئیتڵاعاتی ئێرانەوە، موئەیەد جەحیشی، شارەزای ئەمنی و سیاسیی عێراقی پێی وایە کە "لێدوانەکە هیچ نییە و تەنها پەیامێکە بۆ ناوخۆ."

 

دەشڵێت، "لەکاتێکدا کە هیچ بەرپرسێکی عێراق ئاگای لەو ڕێککەوتنە نییە، کەواتە لێدوانەکە تەنها پەیامێکە بۆ ناوخۆ و دەیەوێت بە ئێرانییەکان بڵێت کە سەردەمی ئیبراهیم ڕەیسی جیاوازە و دەیەوێت سەرجەم ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەناوببات."


باسی لەوەشکردووە، "تەنانەت ئەگەر تەنها یەک بەرپرسی عێراقیش بیوتایە شتێکی لەو جۆرە گفتوگۆ کراوە، ئەوە دەکرا بڵێین لەوانەیە هەمان حاڵەتی پێشووی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق دووبارەبێتەوە کاتێک ساڵی 2005 لەسەر داوای ئێران و ڕەزامەندی ئەمریکا و فەڕەنسا، حکومەتی عێراق دەریکردن."

 

فڕێدانی زار

جەحیشی پێی وایە کە "لێدوانەکانی وەزیرە ئێرانییەکە هەر لە بنەڕەتەوە نامەنتیقییە، ئەگەر وای دانێین ڕێککەوتنەکە بوونی هەیە، سوپای عێراق جێگەی هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە و لەسەر سنورەکانی لەگەڵ ئێران بڵاوبێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی دەستوریی خۆیی هەیە، هێزەکانی پێشمەرگە پەیوەندیدارن بەو دۆسیەوە."

 

ئەو نمونەی پەکەکە باس دەکات کە سەرباری فشاری زۆری تورکیا، بەڵام عێراق نەیتوانی سوپاکەى لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان و تورکیا بڵاوبکاتەوە و گەریلاکانی پەکەکە چەک بکات و بیانکاتە دەرەوەی خاکی عێراق.

 

ئەو پێی وایە لێدوانەکان تەنها فڕێدانی زارە و دەیەوێت کاردانەوەى عێراقییەکان بزانێت لەوبارەیەوە، چونکە ئەوەى جێبەجێکردنی ئەستەمە، چونکە بابەتکە زۆر جیاوازە لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق.

 

نزیکەى دوو هەفتە لەمەوبەر، سوپای پاسدارانی ئێران بۆردومانێکی چڕی بنکە و بارەگاکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا، هاوکات بە چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە و تۆپەوە چەندین بنکە و کۆگایەکی ئەو حزبانەى خاپور کرد.