گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هێڵى سور و زیانى گەورە’’..راگەیەنراوێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە

2021.09.26 - 22:22
App store icon Play store icon Play store icon
’’هێڵى سور و زیانى گەورە’’..راگەیەنراوێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە

ناس کورد-

 

بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، کەرکوک لەلاى حزبەکەى هێڵى سورە، هەرچەندە لە دەرئەنجامی ریفراندۆم و بەھەند وەرنەگرتنی پێشنیاری وڵاتانی دۆست زیانی گەورەیانکرد، بەڵام شارەکەیان جێنەهێشتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو وتانەى بافڵ تاڵەبانى لەمیانەى کۆبوونەوەیدا هات لەگەڵ سەرکردایەتى کەرکوکى یەکێتى لەچوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ ئەو شارە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک لەگەڵ سەرکردایەتی کەرکوک کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆکرا لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک و میکانیزمەکانی زیاتر خزمەتکردنی کەرکوکییەکان و رێکخستنەوەی کاری حزبی لە سنورەکە.

 

دوای ئەوەی سەرکردایەتی کەرکوک راپۆرتێکیان لەسەر کۆی ھاوکێشە و پرسە سیاسی و ئەمنییەکان و دۆخی کورد لە ناوچەکە و ھەڵمەتی سەرخستنی ھاوپەیمانیی کوردستان خستەڕوو، بافڵ تاڵەبانی وتەیەکی ھەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرد کە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و بەرژەوەندییە گشتییەکانە و روونیکردەوە، کەرکوک لای یەکێتی ھێڵی سوورە و وەک سەرۆک مام جەلال فەرموویەتی قودسی کوردستانە، لەبەرئەوە خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوییەکان لەپێشینەی خەباتمان دەبێت و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە تایبەتمەندی و کوردستانی بوونی کەرکوک بپارێزین.

 

ھاوسەرۆک ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، راستە لە دەرئەنجامی ریفراندۆم و بەھەند وەرنەگرتنی پێشنیاری وڵاتانی دۆستمان زیانی گەورەمانکرد، بەڵام بێھیوا نەبووین و یەکێتی بۆ ساتێکێش کەرکوکییەکانی جێنەھێشت، کە ئەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی ئێمە بووە لە داھاتووشدا ھەر لێرە دەمێنینەوە و خزمەتدەکەین، ئەرکی سەرکردایەتی کەرکوکیشە پارێزەری راستەقینەی بەدیھێنانی داواکارییەکانی کەرکوکییەکان بن و زیاتر لەناو خەڵک بن و خزمەتی شارەکە بکەن.

 

سەبارەت بە کاری رێکخراوەیی و ئۆرگان و ناوەندەکانی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕونیدایە ئامادەبووان و ھێڵەگشتییەکانی حزبی لەچەند ئاستێکدا روونکردەوە، کە کاری لەسەر بکرێت.

 

بۆ ھاوپەیمانیی کوردستان و سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوسەرۆک وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و لیژنەی بانگەشە لە کەرکوک، کە بەشێوەیەکی سەرکەووتوانە ئەرکەکان رادەپەڕێنن، روونیکردەوە سەرکەوتنی ھاوپەیمانیی کوردستان لە کەرکوک زامنی پاراستنی کوردستانی بوونی شارەکە و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانە،  لەبەرئەوە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لە کەرکوک دەنگی یەکەم بهێنین و ھاوپەیمانیی کوردستان ببێتەوە سەرمەشقی بەردەوامی خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوکییەکان لەو رووەوە بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەربڕی، کە کەرکوکییەکان لەم وێستگەی سەرکەوتنەشدا  پشکی شێریان بەردەکەوێت و وەک ھەمیشە لە پێشەوەی دەنگدان دەبن و ھاوپەیمانییەکەی خۆیان سەردەخەن.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی تری پەیوەست بە کەرکوک گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ھەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ کرد.