گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

پەیامێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە: جێگای قبوڵ کردن نییە

2021.09.26 - 17:02
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە: جێگای قبوڵ کردن نییە

ناس کورد- 

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە خانەوادەی زیندانیکراوەکانی بادینان و ڕایگەیاند، ئەوەی لە بادینان دەگوزەرێت جێگای نیگەرانییە و دەشڵێت، بەھیچ شێوەیەک ئەو دۆخە جێگای قبوڵکردن نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی:

 

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە خانەوادەی زیندانیکراوەکانی بادینان.
 

 

لە دیدارێکدا گوێبیستی خواست و داواکاری کەسوکاری رۆژنامەنووس و چالاكوان و مامۆستا و زیندانیکراوانی بادینان بوو، روونیانکردەوە کە بەبێ ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی بڕیاریان لەسەر دراوە و بەناوی ئاسایشی نیشتمانییەوە دادگایی کراون.

 

بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی ھاوسۆزی بۆ کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان کە لەبەرامبەر ووتنی راستی و داکۆکی لە مافی گشتی زیندانیکراون، روونیکردەوە لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەکان بەرتەسککراوەتەوە و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچونەکانیان، ووتنی راستی و داواکردنی مافەکانیان زیندانی دەکرێن و بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر دەدرێت، کە ئەمە بۆتە ھۆ ئەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ  وێنایەکی خراپ لەسەر ھەرێم بەتایبەت ناوچەی بادینان دروست ببێت و بەئاشکرا رەخنەمان لێبگیرێت.

 

ھاوسەرۆک بە راشکاوی ھەڵوێستی روونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو رایگەیاند یەکێتی باوەڕیی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی زەمینەی لەبار بووە تا رۆژنامەنووسان پیشەییانە و پابەند بە بنەمای کاری راگەیاندن ئەرکەکانیان رابپەڕێنن، سنووری ئازادییە کەسییەکان نەبەزێنن و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنرێت تا ئازادانە و ئازایانە کاری میدیایی بکەن و مافيشیان پارێزراوبێت.

 

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێتی لە دۆخی ئازادی رادەڕبڕین و کاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدانین کە رۆژنامەنووس لەسەر ووتنی راستی، خاوەن قەڵەمە بوێرەکان لەسەر داکۆکی لە مافی گشتی، چالاكوانان لەبەرامبەر پێشڕەویکردنی مافی خەڵک، مامۆستایان لەسەر داوای قوتی ماڵ و منداڵیان و کەسانێکیش لەسەر ئازادی سیاسی و بیروڕای جیاواز زیندانی بکرێن.

 

ئەم رەفتارانە ھی حیزبە تاکرەو و خۆسەپێنەکانە، کە لەگەڵ ئەزموونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەکناگرێتەوە، بۆیە داوامانکردووە کۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بھێنرێت و رێگە لەوەبگیرێت دادگاکان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن و حیزب بڕیار لەسەر ئەم کەیسانە بدات.

 

بافڵ تاڵەبانی ھەر پەیوەست بە داواکاری کەسوکاری زیندانیانی بادینان ووتی ئازادی و رەخنە زیانی بۆ دیموکراسی و ناوبانگی ھەرێمەکان نابێت، بەڵکو ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەکەدار دەکات زیندانیکردن و کپکردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەت دروستکردنە بەناوی دادگاکانەوە.

 

ھەر لەدیدارەکەدا ھاوسەرۆک پێی راگەیاندن بەھیچ شێوەیەک ئەو دۆخەی لە بادینان دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە و رێنادەین یاسا بکرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلکاریانە چونکە لە ھیچ یاسایەکی دونیادا نییە زیندانی بێ ئەوەی دادگایی کرابێت، ساڵی زیندانییەکەی و مانەوەی لەزیندان دیاریکرابێت کە ئەمە دەستوەردانی ئاشکرایە لەکاروباری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دژی مافی مرۆڤیشە.

 

وتيشی، دڵنیابن یەکێتی پەیوەستە بەڕێبازی مامەوە، بۆ دابینکردنی نان و ئازادی بێ مەرج بۆ نووسەر، رۆژنامەنووس و ئازادیخوازان، لەپێناو ھێشتنەوەی ئەو بەھا باڵایانە داکۆکیکەر و پارێزەری ئەو رێبازە دەبین و نابێت رێگەبدەین بەناوی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئازادییەکان بۆ ویستی سیاسی بەرتەسک بکرێنەوە.

 

May be an image of 3 people, people standing and indoor

May be an image of 2 people, people sitting and indoor