گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دۆخی عێراق لە ئان و ساتدایە’’

وەزیری دارایی هەرێم: هەواڵی خۆشمان پێدەگات

2021.09.26 - 14:04
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیری دارایی هەرێم: هەواڵی خۆشمان پێدەگات

ناس کورد- 

 

وەزیری دارایی هەرێم گومان لەسەر ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا دروست دەکات و دەڵێت، دۆخی عێراق لە ئان و ساتدایە، بەڵام هیوادارن لە ناردنی بەردەوام بن، سەبارەت بە دەروازە سنورییەکانیش دەڵێت، هەواڵی خۆشیان پێدەگات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 26ی ئەیلولی 2021) ڕایگەیاند، "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە دووجار بڕیاری دەرکردووە، ئومێدمان وایە بەغدا لە ناردنی 200 ملیارەکە بەردەوام بێت، بەڵام ئەزمونی ڕابردووی عێراقیشمان بینیوە، لەئێستاشدا دۆخی عێراق لە ئان و ساتدایە بە ئەرێنی یاخود بە نەرێنی." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆیە هیوادارین عێراق لەسەر ئەو عەقڵیەت و سیاسەتە بەردەوام بێت، چونکە پێموایە کارێکی گرنگ ناکات تەنها ئەوەیە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێم دەکات." 

 

باسی لەوەشکرد، "ئەوەی گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەمتەرخەمییەکی نەکردووە لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و لەمەودواش نایکات." 

 

هاوکات لەبارەی یاسای چاکسازی و بڕینی مووچەی پلەباڵا نایاساییەکان، وەزیری دارایی ڕایگەیاند، "ئەو ڕێکارانەی بەرامبەر پلە باڵاکان گیراوەتەبەر بەردەوام دەبێت و ئەوەی گرنگە بڕیاری تایبەت بە پلە تایبەتەکان گەڕانەوەی تێدا نییە و جێبەجێ دەکرێت." 

 

هاوکات لەبارەی داهاتی دەروازە سنورییەکانەوە، ئاوات جەناب ڕایگەیاند، "بەداخەوە دۆخی دەروازە سنورییەکانی عێراق شپرزەیی و پشێوی پێوەدیارە و بە باشی کۆنتڕۆڵ ناکرێن، ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر دەروازەی سنوری پەروێزخان و باشماخ بۆ ئێمە دروست کردووە، ئێمە لە ئێستادا سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەین و لە مانگی پێشووەوە تا ئەمڕۆ هەواڵی خۆشمان پێدەگات کە بەرەو باشی دەڕوات."