گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

نێچیرڤان بارزانی داوا لە تورکیا دەکات وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێم بکات

2021.09.26 - 10:56
App store icon Play store icon Play store icon
نێچیرڤان بارزانی داوا لە تورکیا دەکات وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێم بکات

ناس کورد-

نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاند، دەرفەتەکانى سەرمایەگوزارى و وەربەرهێنانى تورکى لە هەرێمى کوردستان زۆر لەبار و فراوانن و داوا دەکات ئەو وڵاتە "لە بازرگانی زیاتر قورسایى بخاتە سەر وەبەرهێنان."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی ئەیلولی 2021، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و محەمەد مووش وەزیرى بازرگانیى تورکیا کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، هەردوو "جەختیان لە خواستى برەودان بە پەیوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق لەگەڵ تورکیا کردەوە و هاوڕا بوون کە پێویستە هەموو گرفتەکانى بەردەم فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و ئابوورى لەنێوان هەردوولادا، چارەسەر بکرێن."

 

دووپاتى کردەوە کە "دەرفەتەکانى سەرمایەگوزارى و وەربەرهێنانى تورکى لە هەرێمى کوردستان زۆر لەبار و فراوانن و ڕێگەى بازاڕى گەورەى عیراق بۆ بازرگانیى تورکیا بە هەرێمى کوردستاندا تێدەپەڕێت، بۆیە ستراتیژ و بیرکردنەوەیەکى تازەى تورکیا بۆ چۆنیەتیى فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و چالاکیى ئابوورى و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و عیراق پێویستە کە لە بازرگانیى زیاتر، قورسایى بخاتە سەر وەبەرهێنان."

 

نێچیرڤان بارزانى "پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ تورکیا بە گرنگ و ستراتیژى و یاساى وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان بە یاسایەکى دۆستانە لە قەڵەم دا کە هانى سەرمایەگوزاریى بیانى دەدات، هەروەها ئامادەییى هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەکى پێویست بۆ سەرمایەگوزارى و بازرگانیى تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عیراق نیشان دا."

 

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، وەزیرى بازرگانیى تورکیا خواستى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندیى بازرگانی و فراوانکردنى چالاکییە ئابوورییەکانى لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەى بە چەند نموونەیەکى سەرکەوتووى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى تورکی لە وڵاتانى ناوچەکە کرد کە بە هەمان شێوە لە هەرێمى کوردستان دووبارە بکرێنەوە، لەوێشەوە بەرەو هەموو ناوچەکانى دیکەى عیراق فراوان بکرێن.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیر و لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى تورکیا و شاندێکى تورکى ئامادەى بوون، کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا لەسەر بازرگانى و چالاکیى ئابوورى، ڕێژەى بازرگانی و هاوردەکردنى تورکیا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان، سیستمى بانکدارى و ناردن و گواستنەوەى پارە، دادگاى بازرگانى، گەشتیارى و چەند پرسێکى دیکە، تاوتوێ کران.

NB_Weziri-Bazirgani-Turkiya1-26-9-2021.jpeg