ناس كورد_
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئەلمەدای راگەیاندووە رێكخەری پشت كۆنگرەی كەسایەتییە عێراقییەكانی هەولێر كەسێكی ئەمەریكی جووە كە لە بنەڕەتدا عێراقییە و ناوی جۆزیف برودییە و سەنتەرێك بەڕێوەدەبات بەناوی "پەیوەندییەكانی ئاشتی".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوتەی لێدوانی سەرچاوەكە كە "ناس كورد" بینیویەتی (26ی ئەیلولی 2021) رێكخەرە ئەمەریكییەكە ناوەڕۆكی كۆنگرەكەی ئاشكرا نەكردووە بۆ ئاسایش و دەسەڵاتداران وایانزانیوە لەبارەی هەڵبژاردنەوەیە كە ئێستا باسی گەرمی ڕۆژە.
سەرچاوەكە ئەوەش دەخاتەڕوو جۆزێف برودی هەندێك كەسایەتی كۆمەڵایەتی كۆكردووەتەوە و لەپڕدا باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان كراوە لەگەڵ ئیسرائیل و تەنانەت دواتر "مەسعود بارزانی بێئاگایی خۆی دەربڕیوە لە ناوەڕۆكی كۆنگرەكە"، بەدوای ئەوەشدا شەپۆلێك ڕەخنە و ناڕەزایی و بەیاننامەی توند لە حكومەتی عێراق و وەزیرەكانی و رێبەرایەتییە سیاسی و ئاینییەكانی عێراق لە دژی كۆنگرەكە بڵاو بووەتەوە.
ئەو كەسەی بەیاننامەی كۆتایی دەخوێنێتەوە ویسام حەردان دلێمییە، پێشتر لەسەردەمی مالیكی وەك فەرماندەی هێزەكانی سەحوە دیاری كراوە، پەیوەندی زۆریشی لەگەڵ مالیكی و فەیاز هەیە و لەهەندێ سەردانیشدا لەگەڵ سەدر و حەكیم دەركەوتووە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر کۆنگرەکەى دوێنێی شاری هەولێر بەناوی "ئاشتی و چاکبوونەوە" بڵاوکردەوە کە تێیدا داوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا و دەڵێت، سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئاگادارى کۆبوونەوەکە و ناوەڕۆکى بابەتەکانى نەبووە و ئهوهی له کۆبوونهوهکه دهرچووه، به هیچ شێویهک بۆچوون و سیاسهت و ههڵوێستی ههرێمی کوردستان نییه.
لە لایەكیترەوە
هەژماری فەرمی نەفتالی بینیت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەزمانی عەرەبی پەیامێكی ئاراستەی كۆنگرەی دوێنێی هەولێر كرد و باس لەوە دەكات، "سەدان كەسایەتی عێراقی لەپێناو دروستكردنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل كۆبوونەتەوە".
هەژمارەكە "تویتەر" لە پەیامێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (25ی ئەیلولی 2021) بانگەشەی ئەوە دەكات بەشدارانی كۆنگرە سەدان كەس بوون لە شیعە و سوننە و گرنگییەكەی ئەوەیە لە گەلەوە هاتوون نەك حكومەت و دانیان ناوە بەو ستەمە مێژوییەی لە جووی عێراق كراوە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەستی ئاشتیتان بۆ درێژ دەكات".