ناس کورد-
د. نگین جەعفەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و بواری سێکسزانی دەڵێت، بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە وڵاتی دانیمارک لە ٪٩٨ ی پیاوان و لە ٨٧٪ ژنان دانیان بەوەدا ناوە، کە "خووە نهێنی"یان کردووە، دەشڵێت، خووە نهێنی وەک نان و ئاو پێویستییەکی سەرەتایی مرۆڤە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو پزیشکە لە نوسینێکدا کە (شەممە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢١) لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ٪١١ی پیاوان پێیان وابووە کە تەنانەت ڕەحەتبوونی خووە نهێنی قوڵتر و خۆشترە لە ڕەحەتبوونێکی تر، لە ٪٣٦ ی ژنانیش ھەمان وەڵامیان ھەبووە، ئەو وەڵامانە لە توێژەوەکەدا ئەوە پێشان دەدا، کە ژنان زیاتر لە پیاوان چێژ لە خووی نهێنی دەبینن."
دەشڵێت، "بەڕێزان شەرمەزار مەبن کاتێک ئێوە خووە نهێنی دەکەن، چونکە شتێکی زۆر سروشتیە و بەشێکە لە پێویستیەکی سەرەتایی مرۆڤ ھەروەکو نان و ئاو و ھەناسەدان."
دەقی نوسینەکەی د. نگین جەحفەر:
لە توێژینەوەیەکدا کە لە دانیمارک دەربارەی سێکس و کێشە سێکسیەکان، لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ ئەنجامدراوە، تێدا ٦٥٠٠ کەس بەشداریان کردووە و بەیەکێ لە گەورەترین توێژینەوە جیهانیەکان لە پرسی سێکسدا دەناسرێ.
تەمەنی بەشداربووان لە نێوان ١٥ تا ٨٩ ساڵیدا بووە.
لەو توێژینەوەیەدا پرسیارێکیان لەبارەی "خوی نهێنی" بووە (خۆ ڕەحەتکردن) و ئەنجامەکەی بەو شێوەیەی خوارەوە بووە:
لە ٪٩٨ ی پیاوان و لە ٨٧٪ ژنان دانیان بەوەدا ناوە، کە "خووە نهێنی"یان کردووە.
بەڕێزان شەرمەزار مەبن کاتێک ئێوە "خووە نهێنی" دەکەن، چونکە شتێکی زۆر سروشتیە و بەشێکە لە پێویستیەکی سەرەتایی مرۆڤ ھەروەکو نان و ئاو و ھەناسەدان.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئێمە لە ژیان و کولتوری کوردیدا کردوومانە بە باسێکی بڤە و تابوو!
نێوەرۆکی ڕاپرسی توێژینەوەکە ئاوابووە:
تۆ بۆ "خووە نهێنی" دەکەیت؟
بەگشتی بەشداربووان وتویانە:
چونکە خۆشە و ئارامبەخشە.
لە بارەی چۆنیەتی ئۆرگازمی خووە نهێنییەوە:
لە ٪١١ی پیاوان پێیان وابووە کە تەنانەت ڕەحەتبوونی خووە نهێنی قوڵتر و خۆشترە لە ڕەحەتبوونێکی تر.
لە ٪٣٦ ی ژنانیش ھەمان وەڵامیان ھەبووە.
ئەو وەڵامانە لە توێژەوەکەدا ئەوە پێشان دەدا، کە ژنان زیاتر لە پیاوان چێژ لە خووی نهێنی دەبینن.
كەواتە نەکو ھەر ژنان خوو نهێنی دەکەن، بەڵکو چێژی زیاتریشی لێ دەبینن!
ئەمە بەشێکە لە خۆناسین و وا دەکات، کە مرۆڤ حەزەکانی خۆی بناسێ و بزانێ چی لە کەسی بەرانبەر دەوێ و داوا بکات!
ھەر لە توێژینەوەکەدا ئەو پرسیارە کراوە، کە داخۆ بەشداربووان لەکات و دوای خووە نهێنی ھەستی شەرمەزاریان ھەیە؟
لە ٪٨ ی پیاوان و لە ٪١٠ ی ژنانیش ھەستی شەرمەزاریان بۆ خووە نهێنی درکاندووە.
لە ھەمان توێژینەوەدا ڕونکراوەتە داخۆ ئەو کەسانەی کە لە ژیانی ھاوسەریدان چۆن لەو باسە دەڕوانن:
لە ٣١٪ ی پیاوان و لە ٪٢٣ی ژنان پێیان خۆش نییە کە ھاوسەر و خۆشەویستەکانیان بزانن کە خووە نهێنی دەکەن!
لێرەدا پرسیار لەخۆم دەکەم داخۆ لە ناو ئێمەی کوردا ئەم پرسیارە بکرێت وەڵامەکەی چۆن دەبێت و خەڵکی تاچەندێک ڕاشکاوانە و بێ شەرم وەڵام دەدەنەوە و ئەوجا ھۆکارەکانی نەکردن و کردنی خووە نهێنی دەبێ بۆچی بگەڕێننەوە؟