ناس کورد-
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر کۆنگرەکەى دوێنێی شاری هەولێر بەناوی "ئاشتی و چاکبوونەوە" بڵاوکردەوە کە تێیدا داوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا و دەڵێت، ئاگایان لێی نەبووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکی کورتدا (25ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، "کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و بەڕێوەچووە، ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات، ڕێکاری پێویستیش بەرامبەر چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە دەگرینە بەر."
دوێنێ هەینی، 24ی ئەیلولی 2021، 300 کەسایەتی دیاری شیعە و سونە لە کۆنگرەیەکدا لە هەولێر داوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیلیان کرد و هەروەها هەڵوەشاندنەوەى بڕیاری قەدەغەکردنی پەیوەندی مەدەنی لەنێوان عێراقی و ئیسرائیلییەکان.
کۆنگرەکە هەرزوو ناڕەزایەتی بەرپرسانی حکومی و حزبی عێراقی لێکەوتەوە، نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق ئەو گردبوونەوە نایاساییە ڕەت دەکاتەوە کە هەندێک کەسایەتی عەشایەری دانیشتوو لە هەولێر ئەنجامیان داوە و تێیدا دروشمی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلی بەرزکراوەتەوە."
هاوکات هەردوو حزبی مالیکی و عەمار حەکیم ڕاگەیەنراویان لەدژی کۆنگرەکە بڵاوکردەوە و داوایان کرد حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی یاسایی لەو بارەیەوە بگرێتەبەر.