گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەیانی تریش بریندار بوون

هاوینی ئەمساڵ 22 کۆڵبەر بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون

2021.09.25 - 09:57
App store icon Play store icon Play store icon
هاوینی ئەمساڵ 22 کۆڵبەر بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون

ناس کورد-

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی هاویندا، 22 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 59 کۆڵبەریش بریندار بوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتی بەشێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "بەهۆی دەزگای قەزایی، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە" لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە.

 

داتا و زانیار‌ییەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، لە ماوەی سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا زیاتر لە 400 حاڵەتی پێشێلکردنی زبری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕووی داوە.

 

بەپێی داتاکان، "لە ماوەی سێ مانگی هاویندا 81 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد، لەو 81 کۆڵبەرە 22 کەسیان کوژراون و 59 کۆڵبەریش بریندار بوون."

 

دەشڵێت، "کوژران و برینداربوونی 81 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا 53 کۆڵبەری کورد کەوتبوونە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە 15 کەسیان کوژرابوون و 38 کۆڵبەریش بریندار ببوون."

 

"بەوپێیە ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم 134 کەس بووە کە 37 کەسیان کوژراون و 97 کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون."

 

هەر بەپێی ئاماری ناوەندەکە، لە ساڵی ڕابردوو 228 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا و بریندار ببوون، لەو 226 قوربانییەی ساڵی ڕابردووی هەتاوی 80 کەسیان کوژرابوون و هەروەها 146 کەسیش بریندار بوون.