گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات

2021.09.24 - 16:23
App store icon Play store icon Play store icon
ئێران هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات

ناس کورد-

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا هەڕەشەی هێرشی زەمینی دەکات بۆسەر ناوچەکانی سنوری هەرێمی کوردستان بۆ لێدانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئیرەج مەسجدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراقییە کە "ناس کورد" بینیویەتی (24ی ئەیلوی 2021) دەڵێت، "پێویستە هەرێمی کوردستان ڕێگەنەدات ئەو گروپانەی لەسەر سنورن ئێران بکەنە ئامانج"، و جەختی کردەوە "ئێمە چەندینجار داوامان لە هەرێم و حکومەتی ناوەندی کردووە ئەو کارانە ڕابگرن، بەڵام بەداخەوە هێشتا ئەو گروپە دژە شۆڕشانە سنور دەبەزێنن و کاری تیرۆرستی دەکەن و دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان."

 

ڕوونیشیکردەوە کە "پێویستە ئەوە ڕابگیرێت، ئەگەرنا کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار دەبێت کردەی سەربازی دژی ئەو گروپانە ئەنجام بدات."

 

ئیرەج مەسجدی وتیشی کە "ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت ناوچە سنورییەکان و هەرێمی کوردستان توشی زیان بن."

 

داواشی کرد لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد کرد "ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی جدی چارەسەر بکەن."

 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق هۆشداری دایە حکومەتی هەرێم و عێراق و وتی، ئەگەر حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکەنە دەرەوە، ئەوا خۆیان ئەو کارە دەکەن و لە هێرشە موشەکییەکانیشیان بەردەوام دەبن.

 

محەمەد حسێن باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران (یەکشەممە 19ی ئەیلولی 2021) ڕایگەیاند، "بەداخەوە کەمتەرخی هەرێمی کوردستانی عێراق و لاوازی حکومەتی عێراق بەهۆی بوونی ئەمەریکاوە، بووەتەهۆی بوونی حزبە کوردییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێم و چالاکییان لە دژمان هەیە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو هێزانە لە کۆتا ساڵدا بەهۆی جوڵەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی چالاکییەکانیان زیادی کردووە و نائارامییان لە سنورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست کردووە، ئێمەش ئەوە قبوڵ ناکەین."

 

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران باسی لەوەشکردووە، "حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، نابێت ڕێگە بدەن بەکرێگیراوەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و لایەنەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بارەگای سەربازی و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان هەبێت و کۆنگرە و ڕاهێنانی سەربازی بکەن و هێرش بکەنە سەر ئێمە."

 

باقری هۆشداریشی داوە، "ئەو کارانە قابیلی قبوڵ نییە و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دەستمانپێکردووە، بەردەوام دەبن و ئەو هێزە چەکدارانە لەناو دەبەین."

 

جەختیشیکردووەتەوە، "بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشمان ڕاگەیاندووە کە ڕێگە لە چالاکییەکانی ئەو هێزانە بگرن، پێشتریش پێمان وتوون، بەڵام بەداخەوە ئەو کارەیان نەکردووە، هەربۆیە لەمەودوا ناچارین خۆمان لەناویان بەرین و دووریان بخەینەوە."

 

لەبەرامبەردا سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لەو "لێدوانە بێ پاساوانەی" سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران داویەتی لەبارەی هەبوونی چالاكی دژە ئێران لەناو خاكی عێراقەوە.  

  

راگەیەنراوەكە كە وێنەی لای "ناس كورد" هەیە (21ی ئەیلولی 2021) دەڵێت: پەیوەندی دوو قۆڵی عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هەماهەنگی بنەڕەتە و پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە لەسەرجەم بوارەكان بەتایبەت ئاسایش و سەربازی، "لەسەر ئەم بنەمایەش سەرسوڕمانی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو لێدوانە بێ پاساوانەی بەمدواییانە دراونەتە پاڵ سەرۆكایەتی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لیوا محەمەد حسێن باقری لەبارەی هەبوونی چالاكی دژە ئێران لەخاكی عێراقەوە".   

  

سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراق بەتوندی بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ دوژایەتی دراوسێكانی رەت دەكاتەوە و پێداگری دەكات لەسەر پێویستی پاراستنی "زمانی برایانە و هاوكاری لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان".