ناس كورد_
بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى ڕایگەیاند هێزەکانیان بەسەرپەرشتى و ڕێنمایی دەزگاى ئاسایشى هەرێم تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە چەك و ئاڵتوونی لەماڵان بردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕاگەیەنراوێكی بەرێوەبەرایەتییەكە كە "ناس كورد" بینیویەتی (22ی ئەیلولی 2021) ئەوە ڕوون دەكاتەوە تۆمەتبارەكە، لەدایکبووی ساڵی ۱۹۷۹ یە و لەناوە شارۆچكەی دوكان "دزی لە ماڵان کردووە و دوو دەمانچەی جۆری کڵۆک و ویلتەر و زیاتر لە پێنج سەد هەزار دینار و چەند پارچە ئاڵتونێکی دزیوە".
راگەیەنراوەكەی ئاسایش ئەوەشی تێدا هاتووە " تۆمەتبارەكە چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی پێشوی هەبووە لە لایەن دادگاوە لەسەر هەمان تۆمەت، پێشینەی گرتن و سزادانی بۆماوەی یانزە ساڵ زیندانی هەبووە، دوای ئازادکردنی دەستی داوەتەوە ئەنجامدانی هەمان تاوان".
تۆمەتبارەكە بە بەپێی ماددەی (٤٤٦) لە یاساى سزادانى عێراقى دەستگیر کراوە و دواتر بە پێی تایبەتمەندی تاوانەکی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دوکان کراوە.