ناس کورد-
پۆلیسی چەمچەماڵ دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری ڕاگەیاند کە لە ناوچەی پیشەسازی و چەند شوێنێکی دیکە کەلوپەلی ئۆتۆمبێلیان دزیوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا (22ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، "مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ - نوسینگەی نەھێشتنی تاوانی چەمچەماڵ پێنج تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە کەلوپەلی ئۆتۆمبێلیان دزیبوو."
دەشڵێت، "پاش ئەوەی ژمارەیەک ھاوڵاتی لەبەشی پۆلیسی چەمچەماڵ سکاڵایان تۆمارکرد کە لەناوچەی پیشەسازی و چەند شوێنێکی دیکە کەلوپەلی ئۆتۆمبێلیان لێ دزراوە، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچونەکانیان دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران."
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، "دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا شەوی ڕابردوو پێنج تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەھێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربکرێن."
"ھەریەک لەتۆمەتباران (أ، ط، ن - م، ر، ع - ب، ع، غ - س، ف، و - أ، ر، ع) لەبەردەم بەڕێز دادوەردا دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوەو لەئێستادا بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."