ناس كورد-
مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان فەرمانێکى دەرکرد بۆ لێکۆڵینەوەى بەپەلە لەبارەى تۆمەتبارکردنى هاوڵاتییەک لە بابل بە تاوانێک کە ئەنجامینەداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى کازمى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، بڕیاردراوە بە راگرتنى سەرجەم بەرپرسانى پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەى تاوان لەناوچە و رەوانەکردنى سەرجەم بەرپرسان بۆ لێکۆڵینەوە لەدۆسیەى تۆمەتبارکردنى ئەو هاوڵاتییەدا بەبێ بەڵگە.
چیرۆکەکە چییە؟
هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری بابل لەبەردەم كامێرای تەلەفزیۆن دانی نا بەكوشتنی ژنەكەی و فڕێدانی بۆ ناو ڕووباری دیجلە، كەچی پاش چەند مانگێك ژنەكە دەركەوتەوە و پیاوەكەش لە دادگا حوكم دراوە بەتۆمەتی كوشتن.
رۆژنامەنووس عیسا عەتوانی لە شاری بابل بۆ "ناس" ی ڕوونكردەوە، ژنی ئەو پیاوە دیارنەماوە، كە پۆلیس لێكۆڵینەوەیان لێكردووە، وتویەتی: نازانم، بەڵام لەكاتی تەوقیف ناچاریان كردووە دان بەتاواندا بنێت كە گوایە كوشتویەتی و سووتاندوویەتی و لە روباری دیجلە فڕێیداوە.
چیرۆكی دانپێدانانی ئەم هاوڵاتییە لە كەناڵە ئاسمانییەكان بڵاوكرایەوە و لەبەرنامەیەكی تایبەتەدا تاوانی "كوشتنی ژنەكەی" گێڕاوەتەوە، بەڵام پاش چەند مانگێك ژنەكەی دەركەوتووە، ئەمەش گومانی زۆری دروست كردووە كە لە رێگەی ئەشكەنجەوە دانپێدانانەكەی وەرگیراوە.
عەمید عادل ئەلحوسەینی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی بابل بە "ناس نیوز"ی ڕاگەیاند (21ی ئەیلولی 2021) بابەتەكە جێگەی سەرسوڕمانی ئێمەیە چونكە تۆمەتبار دانی بە تاوانی كوشتنەكەدا ناوە كەچی دەركەوتووە ژنەكەی زیندووە !.
وتیشی لێكۆڵینەوە بەردەوامە لەبارەی دەركەوتنی ئەو دژیەكییەی لە نێوان دانپێدانان و راستییەكاندا هەیە و دەركەوتنی ژنەكەش بەهۆی ئەوە بووە پاش پرۆگرامە تەلەفزیۆنییەكە خەڵك شوێنەكەیان بەپۆلیس وتووە، ئەمەش دۆسییەكەی سەرلەبەر هەڵگێڕاوەتەوە و دەركەوتووە شتەكە ناكۆكی خێزانییە و ژنەكە لە مێردەكەی هەڵهاتووە.
لەوەڵامی ئەوەشی كە دەوترێت پۆلیسی بابل ئەشكەنجەیان بەكارهێناوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی ئەو هاوڵاتییە، راگەیاندنی پۆلیسی بابل بە "ناس نیوز" ی راگەیاندووە "دۆسییەكە لە دادگایە و دەردەكەوێت هۆكارەكەی چییە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی "ناس" پیاوەكە خەڵكی باكوری بابلە، لەگەڵ ژنەكەی چووە بۆ زیارەتی یەكێك لە مەزارەكانی كەربەلا، دوای ئەوە ژنەكەی لێ ون بووە بەبێ ئەوەی بزانێت لەكوێیە، پاشتر هەواڵی پۆلیسی داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار كراوە پۆلیس دەستگیریان كردووە و ناچاریان كردووە دان بەكوشتن و سوتاندنیدا بنێت بەبێ ئەوەی راستییەكە وەهابێت و ژنەكە لە شاری دیوانیە بووە.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق هەڵمەتێكی فراوان هەیە بۆ داوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری ناوخۆ و باس لەوەش دەكەن ئەم دۆسییەیە ئابڕووچونێكی گەورەی دەسەڵاتەكانی لێكۆڵینەوەیە كە گومان دەخاتەسەر سەرجەم دۆسییەكانی دتری دانپێدانان كە بەشێكیان لە كەناڵەكانەوە پەخش دەكرێن.