گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە 13 رۆژدا

کۆرۆنا سێ پرسە دەخاتە ماڵێکەوە؛ دایکێک و کچێک و کوڕێک

2021.09.20 - 12:56
App store icon Play store icon Play store icon
کۆرۆنا سێ پرسە دەخاتە ماڵێکەوە؛ دایکێک و کچێک و کوڕێک

ناس کورد-

 

عەلى سوبحانى نازانێت پرسە بۆ کامیان بگێڕێت، دایکى کە تەنها رۆژێکە کۆچى دوایی کردووە، یاخود براکەى و خوشکەکەى کە هێشتا کفنەکانیان لەناو گۆڕەکانیان زەرد نەبووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلى کە بێژەرى کەناڵى ئاسمانى سپێدەى سەربە یەکگرتووى ئیسلامییە  لە هەولێر، لەماوەى کەمتر لە دوو هەفتەدا دایکى و برایەکى و خوشکێکى لەدەستدا بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە، ئەوەش روبەڕووى دۆخێکى سەختى کردووەتەوە.

 

 خوشکى عەلى رۆژى شەشى ئەیلولى ٢٠٢١ دواى ماوەیەک لە توشبوونى بە کۆرۆنا گیانى لەدەستدا ئەوەش یەکەم پرسەى گیان لەدەستدانى بەو ڤایرۆسە خستە ئەو ماڵەوە، بەڵام ١٠ رۆژ داتر توشى شۆک بوون کاتێک برا گەورەکەشى هەر بەهۆى کۆرۆناوە گیانى لەدەستدا.

No photo description available.

قاسم محەمەد هاورێى نزیکى عەلى بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، هەفتەى رابردوو عەلى زۆر خەمبار بوو کاتێک لەماوەیەکى کەمدا خوشک و براکەى لەدەستدا، ئەوان زۆر پشت و پەناى بوون بەتایبەت براکەى کە لەکاتى خوێندنى ماستەردا زۆر هاوکاری دەکرد.

 

براکەى عەلى ناوى سەڵاحەدین محەمەد بوو کە پلەى لیواى هەبوو لە وەزارەتى پێشمەرگە، خوشکەکەشى مامۆستا بوو.

 

گیان لەدەستدانى خوشک و براکەى، عەلى و ئەندامانى دیکەى ئەو خێزانەى کە بەشێکیان لە بادینان و بەشێکى تریان لە هەولێر دەژین توشى خەمێکى قورس کردەوە، سەرەڕاى ئەوەش چاویان لە تەندروستى دایکیان بوو کە توشبوى هەمان ڤایرۆس بوو، نەیاندەویست ئەویش لەدەستبدەن.

 

عەلى کۆتایی مانگى رابردوو لە پۆستێکدا لەفەیسبوک وێنەى دایکى لە نەخۆشخانە بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتى "دایە گیان تەنها چاوەکانى تۆ بوون لەپێناو مندا دەگریان، هیچ چاوێکى تر شکنابەم لەپێناوى مندا گریابێت".

No photo description available.

رۆژى یەکشەممە ١٩ى ئەیلولى ٢٠٢١ ئەو خێزانە بەتەواوى هیوایان لەدەستدا و سێیەم پرسە کەوتە ماڵەکەیانەوە، کاتێک دایکیان بەهەمان هۆکار گیانى لەدەستدا و بۆ دوایین جار چاوەکانى لەیەکنا.

 

قاسم باسى لەوەکرد، کۆچى دوایی دایکیان زۆر قورس بووە بۆ ئەو خانەوادەیە بەتایبەتى بۆ عەلى، بەتایبەت کە لەماوەیەکى کەمدا سێ ئەندامى خانەوادەکەیان لەدەستدا.

 

"واللە ئەگەر لە توانای من دابووایە تەمەنی خۆمم دەبەخشیە تۆ دایەگیان بۆ ئەوەی تۆ بژیایای بەڵام شەڕی قەدەرم پێ ناکرێ"،عەلى بەو شێوەیە سۆزى خۆى بۆ دایکى دەربڕیوە لەدواى گیان لەدەستدانى.

 

دەشڵێت "خودایە موسیبەتەکمان زۆرگەورەیە تۆ گەورەیی خۆت دڵمان بەهێزکەی بەرامبەر ئەم كارەساتەی ماڵباتم.دایەگیان بینایی چاوەکانم ئیتر بە کێ بڵێم دوعای خێرم بۆ بکە، چونکە هەمیشە دوعاکانی دایکە لە موسیبەت وبەڵا دووری دەخستینەوە".