گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێترین لێدوانی ئەمەریكا لەبارەی كشانەوە لە عێراق

2021.09.19 - 21:44
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین لێدوانی ئەمەریكا لەبارەی كشانەوە لە عێراق

ناس کورد-

 

باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، بەردەوامى پڕۆسەى کەمکردنەوەى بوونى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق کاریگەرى نابێت لەسەر سروشتى پەیوەندییە ئەمنییەکانى هەردوو وڵات لەداهاتوودا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماسیۆ تولەر ئەمڕۆ یەکشەممە لەکۆنگرەیەکدا لەبەغدا باسى لەوەکرد، واشنتۆن رەزامەندیداوە لەسەر مانەوەى لە عێراق بۆ بەردەوامى هاریکارى ئەمنى لە بوارى مەشق و گۆڕینەوەى زانیارى هەواڵگرى، ئەوەش بۆ ماوەیەکى درێژ بەردەوام دەبێت.

 

وتیشى هیچ پێویست بە مانەوەى هێزى شەڕکەر ناکات لەعێراق، چونکە هێزە عێراقییەکان تواناى ئەنجامدانى پڕۆسەى سەربازیان هەیە، بەڵام هێشتا پێویستیان بە یارمەتى و مەشق هەیە.

 

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق (17ی ئەیلولی 2021) ڕایگەیاند لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی گەیشتونەتە رێككەوتن بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە بنكەكانی هەولێر و عەینولئەسەدی ئەنبار تا كۆتایی ئەم مانگە.   

 

 بەگوێرەی بەیاننامەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كە "ناس كورد" بینیویەتی، سەرۆكی شاندی هونەری عێراقی فەریق عەبدولئەمیر شەممەری و جۆن برینان لە هێزەكانی هاوپەیمانان ئەمڕۆ گەیشتوونەتە لێكگەیشتن لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێكردنی پلانی كەمكردنەوەی هێزە بیانییەكان و گۆڕینی ئەركی هێزەكان لە بنكەكانی هەولێر و ئەنبار و بڕیاردراوە بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم دوو بنكەیە لە فیرقەوە بكرێتە لیوا و ئەركی داهاتووش ڕاوێژكاری و ڕاهێنان بێت.   

  

ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ستراتیژی عێراق _ ئەمەریكادایە كە لەدوا سەردانی كازمی بۆ واشنتۆن یەكلایی كرایەوە و تێیدا بڕیاردرا هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان تا كۆتایی ئەم ساڵ لە عێراق بچنە دەرەوە و ئەركی هاوپەیمانان و سوپای ئەمەریكا بگۆڕدرێت بۆ راوێژكاری و مەشقپێكردنی هێزە عێراقییەكان.