ناس کورد-
کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیان، مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتە مەترسیدارترین قوناغ و داوای بەھاناوەچون دەکەن، دەشڵێت، یەکێک لەوان ئەمڕۆ لە هۆش خۆی چووە و کەسیش بەهانایەوە نەچووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتە مەترسیدارترین قوناغ و داوای بەھاناوەچون دەکەن
ماوەی ١٢ رۆژە بە دروشمی "یان مردن یان ماف و ئازادی" ٨٢ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان لە زیندان دەستیان کردوە بە مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و لەئێستادا دۆخیان مەترسیدارە.
ئەمرۆ لە دوانزەهەمین رۆژی مانگرتندا دۆخی تەندروستی رۆژنامەنوس ئەیاز کەرەم کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان لە زیندان تێکچوە و لە ھۆش خۆی چوە و تیمی تەندروستیش بەھانایەوە ناچن.
تا ئێستا ٨٢ زیندانی بادینان کە ٧٧یان زیاتر لە ساڵێکە بێ دادگایی لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر و چاکسازی گەورانن، لەئێستادا لەسەر مانگرتن بەردەوامن، دۆخی تەندورستی بەشێکیان زۆر خراپە و داوای مافە سەرەتاییەکان و ئازادبوونیان دەکەن.
لە ھەمان کاتدا داوا لە ڕای گشتی، رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکان، لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی وڵاتان دەکەن بە ھانایانەوە بچن.
کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا
١٨ی ئەیلولی ٢٠٢١