گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کلیلى دەرگاكانی واشنتۆن و تاران’’

’’چانسی كازمی’’..نوێترین پێشبینییەكان بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو

2021.09.16 - 14:04
App store icon Play store icon Play store icon
’’چانسی كازمی’’..نوێترین پێشبینییەكان بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو

ناس کورد-

ڕاوێژكارێكی سیاسی كە پسپۆڕی كاروباری ستراتیژییە پێیوایە دەرگاكانی واشنتۆن و تاران و نەجەف كلیلی نوێكردنەوەی ویلایەتی مستەفا كازمی دەبن و قسەی سەدر یەكلاكەرەوە نابێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. قوسەی مەحبوبە لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد مەلا تەڵاڵ كە "ناس كورد" بینیویەتی (16ی ئابی 2021) جەختیكردەوە كازمی بەدەر نابێت لەو سەرۆك وەزیرانانەی خواستی نوێكردنەوەی ویلایەتی یەكەمیان هەبووە لە پاش 2003 ئەگەرچی خۆشی كاندید نەكردووە لەم هەڵبژاردنە و لیستی نییە. 

 

مەحبوبە جەختی لەوەش كردەوە لەپاش هەڵبژاردن دەرگای تاران فراوانتر دەبێت تا دەرگای واشنتۆن و ئەگەرچی كازمی لەناوخۆدا ئیشی لەبەر نەڕۆشتووە زۆر، بەڵام لە سیاسەتی دەرەوەدا "زۆر زیرەكە" بەتایبەت پاش ئەوەی لەیەك ئاستدا مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم تەحەدا دەرەكییەكان كردووە. 

 

ئەم ڕاوێژكارە سیاسییە پێیوایە خۆپیشاندەران ساڵی داهاتوو ڕای خۆیان لەسەر حكومەت و سەرۆك وەزیران دەدەن و ڕەوتی سەدریش زۆرینەی ڕەهاو یەكلاكەرەوە ناهێنێت تا سەرۆك وەزیران دابنێت، هەروەها ئەوەش ڕوونە هاوپەیمانی فەتح دانوستانكارێكی سەرسەخت دەبێت و بەئاسانی نەرمكێشی بۆ كازمی نەكەن وەك لەكاتی دانانیدا كردیان. 

 

مەحبوبە وتیشی رێگای ویلایەتی دووەمی كازمی ئاسان نییە، ڕكابەریشی زۆر دەبن بەڵام ئەو كەسێكی زیرەكە و وەها دەكات كارتە دەرەكییەكان رۆڵیان هەبێت لەسەر ناوخۆ و وتیشی "لەخولی یەكەمدا كازمی پیاوی قۆناغ و ئاگركوژێنەوە بوو، بەڵام لە ویلایەتی دووەم دەبێتە پیاوی خاوەن پرۆژە و دیدگا". 

 

جەختی لەوەش كردەوە كێشمەكێشی قووڵی شیعە _ شیعە وەها دەكات كورد بەپلەی یەكەم و سوننە بەپلەی دووەم یەكلاكەرەوەبن لە قۆناغی داهاتوو بەتایبەت پارتی كە بەقسەی ئەو "بەهێزترین دەبن لە هاوكێشەی عێراقی داهاتوو". 

 

باسی لەوەش كرد سیناریۆی دانانەوەی عەبدولمەهدی قەت دووبارە نابێتەوە كە كەسێكی ئێرانی بێتە ڕووكاری پرۆسەی سیاسی و ئەمە دەبێتە باری قورس بەسەر ئێران خۆیەوە. 

 

بەها ئەعرەجی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق پێشتر پیشبینی ئەوەی كردبوو كە شیعەكان نزیكەی 10 پاڵێوراویان هەبێت بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، بەهۆی ئەوەشی كازمی كارنامەیەكی بەهێزی هەیە و ڕكابەرەكانیشی ناتوانن ململانێكانیان یەكلایی بكەنەوە بەئەگەری 80% هەر كازمی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دەبێت. 

 

بەگوێرەی هەندێ پێشبینی لەوانەش راپۆرتی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن كە "ناس كورد" بینیویەتی لە هەڵبژاردنی 10ی مانگی داهاتوو چوار هێزی شیعە دەنگ و قورساییان نزیك دەبێت لەیەكترەوە ئەوانیش بریتین: سەدر، حەكیم _ عەبادی، مالیكی، عامری _ خەزعەلی دەبن و هیچیان ناتوانن زۆرینەی ڕەها بەدەستبهێنن.