ناس کورد-
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، تائێستا هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ لایەنەکان نەکردووە لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و "چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان" دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ میرانی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی حزبەکەى کە "ناس کورد" بینیویەتی (15ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، "ئەو پرسە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەوە ڕوونە کە سەرۆککۆمار بۆ کورد دەبێت، سەرۆکوەزیرانی بۆ شیعە و سەرۆکى پەرلەمانیش بۆ سونە دەبێت."
ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2021، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ئەحمەد ساڵحە.
بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی شەرقییە وتی، "بەرهەم ساڵح توانیویەتی لە دۆخێکی زۆر قورسدا خزمەتی ئەم میللەتە بکات، بۆیە تائێستا کاندیدی ئێمەیە بۆ ئەو پۆستە."
وتیشی، یەکێتی بە هێزەوە لە بەغدا ئامادە دەبێت، هێشتا زۆر زووە بۆ قسەکردنی لەسەر هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەکان، "ئێمە لە کوردستان لێکتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ هەندێک لایەن، بەڵام دژی هیچ لایەنێک نییە و پێمان وایە دەبێت کورد لەم قۆناغەدا یەکگرتوو و یەک هەڵوێست بێت."